Skip to the content

یاریدەدەری سکرتێری گشتی UN: بوونی میلیشیا و هێزی چەکداری دەرەکی هۆکاری نەگەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ شەنگال

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە نیویۆرک د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ ئەلیز ندریتۆ یاریدەدەری سکرتێری گشتی UN بۆ نەهێشتنی جینۆساید کۆ بوونەوە.

 لە کۆبوونەوەکەدا د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، تیشکی خستە سەر ئەو تاوانانەی دەرهەق بە گەلی کوردستان ئەنجام دراون و گوتی: هەرێمی کوردستان باجی زۆری داوە لە پێشێلکارییەکانی دژ بە مرۆڤایەتی، هەر لە ئەنفال و کیمیاباران و وێرانکردنی گوند و شارەکانەوە بگرە تا دەگاتە سەر هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەلقاعیدە و داعش. لە شەڕی دژی تیرۆریستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەربەستێکی گەورە بوون بۆ ئەوەی تیرۆر زیاتر پەرە نەستێنێت و لە بری جیهان بە پاڵپشتی هێزی هاوپەیمانان ڕووبەرووی دڕندەترین گرووپى تیرۆریستى (داعش) بووەوە و قوربانییەکی زۆری دا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، زێباری هێمای بۆ جێگیرکردنی جینۆساید لە یاسا ناوخۆییەکانی عێراق کرد و گوتی: عێراق ئەندامە لە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتیی نەهێشتنی جینۆساید، بۆیە پێویستە ئەمە لە یاسا ناوخۆییەکانی عێراق ڕەنگ بداتەوە و ببێتە هەنگاوێک بۆ دامەزراندنی دادگایەک بۆ دادگاییکردنى تیرۆریستانی داعش، چونکە پێکهاتەکانی عێراق بە بێ جیاوازی دووچاری کۆمەڵکوژی بوونەتەوە کە ئەمەش دەچێتە خانەی تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی جەنگ و جینۆسایدەوە.
پابەندبوون بە پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، تەوەرێکی گفتوگۆی نێوان ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی UN بۆ نەهێشتنی جینۆساید بوو. لەم ڕووەوە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسى لەوە کرد کە "پەسەندکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە لایەن سەرۆکی حکومەتی هەرێمەوە نیشانەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێمە بە پاراستنی پڕەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، ئەم پلانە گشتگیرە و UN و ڕێکخراوەکان بەشدارن لە جێبەجێکردنی و چەند تەوەرێکی گرنگ لە خۆ دەگرێت وەک نەهێشتنی ئەشکەنجەدان، نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ، ئازادی ڕۆژنامەنووسی و ڕادەربڕین" و لەم ڕووەوە تیشک خرایە سەر ئەو بەشەی پلانەکە کە تایبەتە بە جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
باسیش لەوە کرا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان جددیە لە هاوکاریکردنی تیمی یونیتاد و دامەزراندنی دادگایەک بۆ دادگاییکردن تیرۆریستانی داعش و داوا کرا کە "گرنگە UN و لایەنە نێودەوڵەتییەکان هاوکاری دادوەر و لێکۆڵەرانی هەرێم بکەن لە بواری مەشق و ڕاهێنان لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان کە پێشتر ئەزموونیان لەو بوارەدا نەبووە" و هەروەها پێداگرى لەسەر ئەوەش کرایەوە کە "پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدارییەکی کارای هەبێت لە کۆنفڕانس و کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە جینۆساید".
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان گوتی: بوونی میلیشیا و هێزی چەکداری دەرەکی لە شەنگال و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئاوارەکانە بۆ سەر زێدی خۆیان، بۆیە پێویستە UN و کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی ئەرکی خۆیان بەرامبەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەکە بزانن تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و ژیانى خۆیان و ئارامی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە.
لەلایەن خۆیەوە ئەلیز ندریتۆ یاریدەدەری ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری UN بۆ نەهێشتنی جینۆساید، ئاماژەی بەوە کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا سەردانی هەرێمی کوردستان و شەنگال و دەوروبەری کرد و لە نزیکەوە ڕەوشی ناوچەکە و وێرانکارییەکانی بینیوە، بۆیە پێویستە ئاوەدان بکرێتەوە و دۆخەکەی سەقامگیر بکرێت تا ئاوارەکان بگەڕێنەوە.