Skip to the content

حکومەتی هەرێم: پابەندەین بە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی تایبەت بە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕۆژانی ٧و٨ی ئادار  ٢٠٢٢ لە شاری بەغدا کۆبوونەوەکانی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت مافە مەدەنی و سیاسییەکان بۆ گفتوگۆکردنی شەشەم ڕاپۆرتی خولی کۆماری عێراق بە بەشداری شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوون.
 
د. دیندار زێباری رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم بە یاوەری شاندێکی حکومی بەشداریی لەم کۆبوونەودا کرد و لەم بارەوە ڕایگەیاند: حکومەتی هەرێم پابەندە بە جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی تایبەت بە پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و لەم چوارچێوەیەدا وتاری حکومەتی هەرێم پێشکەش کرا و وەڵامی ئەو ڕاسپاردانە درایەوە کە تایبەت بوون بە هەرێمی کوردستان.
 
لە کۆبوونەوەکاندا شاندی هەرێم ئاماژەی بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم کرد بەتایبەتی لە بابەتەکانی ئاوارە وپەنابەران، مافی ئافرەت و منداڵان، ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی، تاوانەکانی داعش، پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، سزای لەسێدارەدان و نەهێشتنی ئەشکەنجەدان. سەرەڕای تەحەدیاتەکان لە هەرێم هەنگاوی زۆر نراوە لەبارەی پابەندبوونەکانی هەرێم لە چوارچێوەی ئەم پەیماننامە و ڕێککەوتننامەکانی تر بە گشتی.
 
ئەندامانی لیژنەی پەیماننامەکە کە لە پسپۆرانی نێودەوڵەتی پێکهاتوون ستایشی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ هەنگاوەکانی لە زۆر بواردا پێشکەوتنی بەرچاو هەبوو بۆ نموونە چارەسەرکردنی قەرەباڵغی چاکسازییەکان. لەلایەکی دیکەوە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریکردنی عێراق (یۆنامی) لە نیوەی یەکەمی ساڵی رابردوو زیاتر لە (٢٥) جار سەردانی چاکسازییەکان و بنکەکانی راگرتنی کردووە و چاوی بە زیاتر لە (٦٠) بەندکراو کەوتووە.  
 
لە بارەی ئاوارە و پەنابەران رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: تا ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێم ماون، حکومەتی هەرێم (٧٠٪)ی پێداویستییەکانیان دابین دەکات، و لەبارەی هاتوچۆی نێو کەمپەکان و گواستنەوەی کەلوپەلە پێویستەکان ئاسانکاری زۆریان بۆ کراوە. سەرەڕای ئەم بارگرانییەش حکومەتی هەرێم دژی گێڕانەوەی بەزۆری ئاوارەکانە، پێش ئەوەی ئاسایش و ئارامی و دەزگا شەرعیەکان بگەڕێنەوە بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان، و لە مین و تەقەمەنی پاک بکرێنەوە و خزمەتگوزارییە پێویستەکان بۆ دابین بکرێت، لەلایەکی دیکەوە دوای بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا شەش تیمی گەڕۆک دانراوە بۆ پێدانی ژەمە ڤاکسینەکان لە کەمپەکان.
 
بەشداریکردنی ئافرەتان لە ژیانی سیاسی و وەرگرتنی پۆستە باڵاکان بەشێکی گرنگی گفتوگۆکان بوو، لەم بارەوە دیندار زێباری وتی :ئافرەتان بەشدارییەکی کارایان لە دامەزراوەکانی هەرێمدا هەیە، لە ئاستی باڵادا سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان و سێ وەزیر، دوو بریکاری وەزیر، و سێ سەرۆکی دەستە بە پلەی بریکاری وەزیر ئافرەتن، هاوکات کۆتای ژنان لە پەرلەمان لە ٢٥٪ بۆ ٣٠٪ بەرزکراوەتەوە و لە بواری دادوەریدا (٤٨)دادوەر،(٢٠٠) لێکۆڵەری دادوەری (٦٥)داواکاری گشتی ئافرەتن، لە بواری رۆژنامەوانی (١٥٠٠) رۆژنامەنووس، (١٣) خاوەن ئیمتیاز، و (١٧) سەرنووسەر ئافرەتن. 
 
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەربارەی تەوەرەکانی تری کۆبوونەوەکان رایگەیاند: لە بارەی ئازادی رادەربڕین و خۆپیشاندان ئاماژەمان بە یاسای خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە ژمارەی (١١)ی ساڵی ٢٠١١، یاسای چاپەمەنیەکان ژمارە (١٠)ی ساڵی ١٩٩٣، یاسای کاری رۆژنامەوانی ژمارە (٣٥)ی ساڵی  ٢٠٠٧، یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی گەیاندن  ژمارە (6)ی ساڵی 2008 کرد، لەم رووەوە سەدان کەناڵی ئاسمانی ناوخۆ و ئاسمانی و رادیۆ بە ئازادی پەخشی خۆیان دەکەن. هەروەها بەپێی یاسا مافی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران پاریزراوە و لێکۆڵینەوە بۆ کەیسەکانیان دەکرێت. پێویستە ئاماژە بەوەش بکەین کە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵانی رابردوو زیانێکی زۆر بە ماڵ و موڵکی گشتی و تایبەت کەوت و هێرش کرایە سەر کارمەندانی پۆلیس و لە ئەنجامدا (٦١) پۆلیس و (٤) هاووڵاتی سڤیل بریندار بوون و (٢١) ئۆتۆمبیلی پۆلیس زیانیان بەر کەوت، هەروەها دوای دەستگیرکردنی (١٨) کەس لە نێو خۆپیشاندانەکان چەکی جۆاروجۆریان هەڵگرتبوو.
 
سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) زێباری وتی: هەماهەنگی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ یونیتاد لە حکومەتی عێراقی (NCC) و یونیتاد بەردەوامە و لەم رووەوە میکانیزمی ئاڵۆگۆڕی زانیاری داندراوە بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی ئەرشیفی تاوانەکانی داعش و توانراوە زیاتر لە (1700) لاپەڕە ئەرشیف بکرێت، هەروەها (٥١٧٠) کەیس لە دادگاکان تۆمار کراون لەوانە (٢٣٢٤) یەکلا بوونەتەوە، (٢٠٠٠) کەیس لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان. هاوکاری دەروونی و کۆمەڵایەتی پێشکەش بە زیاتر لە (٢٢٣٤) قوربانیان کراوە. لەلایەکی دیکەوە (٣٥٥٢) رفێندراو رزگار کراون و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ رزگار کردنی ئەوانەی تا ئێستا بێ سەروشوێنن و ژمارەیان دەگاتە (٢٧١٩) رفێندراو، لەلایەکی دیکەوە ئاماژەمان بەوە کرد کە لە ئازادکردنەوەی ئەو ناوچانەی لە دەست داعش بوون (١٧١٩) پێشمەرگە شەهیدبوون و(١٠٣٦٩)پێشمەرگە برینداربوون و (٤٧)یش بێ سەروشوێنن. 
 
شایەنی باسە  بڕیار وابوو کۆبوونەوەکان لە جنێڤ ئەنجام بدرێت، بەڵام بە هۆی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کۆرۆنا گواسترایە شاری بەغدا بەشێوەی ئۆنڵاین، بە سەرپەرشتی دادوەر سالار عەبدولستار وەزیری دادی حکومەتی ئیتیحادی و ئامادەبوونی نوێنەرانی زۆربەی وەزارەت و دام و دەزگاکانی حکومەتی ئیتحادی و حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو، لەلایەنی نێودەوڵەتی ئەندامانی لیژنەی تایبەت بەمافە مەدەنی و سیاسییەکان  کە لە وڵاتانی عەرەبی، ئاسیا، ئەورووپا، ئەفریقیا، ئەمریکای باشوور و چەند وڵاتێکی تر پێکهاتوون ئامادە بوون.