رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ راگەیاند
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی ٣١ی ئایاری ٢٠٢٢، لە تەلاری ئەنجومەنی وەزیران د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا پلانی هەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) راگەیاند.
لە سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەت هەرێم تیشکی خستە سەر ئامادەکردنی پلانەکە و گوتی: لە روانگەی گرنگیدان بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی ئەو راسپاردە و پابەندبوونانەی ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن لە چوارچێوەی راپۆرتەکانی کۆماری عێراق و دوای بەشداری کردن لە ئامادەکردنی پلانی نیشتمانی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥)، بیر لە میکانیزمێک کرایەوە کە لە هەرێمی کوردستان پیادە بکرێت کە گشتگیر بێت بە مەبەستی خستنەڕووی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی پاراستنی مافی مرۆڤەوە و یارمەتیدەر بێت بۆ دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بە مەبەستی دیاری کردنی کەم و کوڕییەکان و دۆزینەوەی چارەسەری گونجا بۆیان، ئەو میکانیزمەش بریتییە لە پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥).
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە هەنگاوەکانی داڕشتنی پلانەکە وتی: ڕەشنووسی پلانەکە بە بەشداری سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان وەزارەتەکان و دامەزراوە حکومییەکان و هاوبەشە چالاکەکانی وەک نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری عێراق (یونامی) ئامادەکرا، هەروەها ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بواری مافەکانی مرۆڤ کە هاوبەشی سەرەکین لە پێشکەشکردنی تێبینی و ڕاوێژ، دوای ئامادەکردنی پلانەکە پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کرا، رۆژی ١٥ی ئەیلولی ٢٠٢١، بە رەزامەندی کۆی ئەندامانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم پلانەکە پەسەند کرا و رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان راسپێردراوە بۆ سەرپەرشتی کردنی جێبەجێکردنی پلانەکە.
سەبارەت بە گرنگیی پلانەکە و پشتگیریی لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان لەو هەنگاوە، دیندار زێباری وتی: ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ، لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد لە ئامادەکردنی ئەم پلانە. ئەم هەنگاوەشیان بە گرنگ وەسف کرد بۆ نیشاندانی نیەتی حکومەتی هەرێم لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پابەندبوون بە ئیلتیزاماتەکانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی. لەلایەکی دیکەوە نووسینگەی مافی مرۆڤی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق (یۆنامی)، ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، کونسوڵگەریی وڵاتان لە هەرێم و رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی پشتگیریی خۆیان بۆ پلانەکە راگەیاندووە و ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاری کردنی حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنیدا.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە ئامانجەکانی پلانەکە کرد وتی: لە هەرێمی کوردستان چەندین یاسا لە بواری مافەکانی مرۆڤەوە دەرچوون و ژمارەیەک پرۆژە یاسا هەنگاوی زۆریان بڕیوە، یەکێک لە ئامانجەکانی پلانەکە گونجاندنی ئەو یاسایانەی کە لە هەرێمدا بەرکارن لەگەڵ رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها گرتنەبەری رێکاری پێویست بە راوێژ لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی پرۆژە یاساکان بکرێنە یاسا و بکەونە واری جێبەجێکردنەوە، لەلایەکی دیکەوە لە رێگای نوێنەرانی هەرێم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەتوانین پرۆژە یاسا پێشکەش بکەین بۆ زیاتر چەسپاندنی مافەکانی گەلی کوردستان لەسەر ئاستی عێراق، هەر لە چوارچێوەی پلانەکەدا دوو پرۆژە یاسا ئامادەکراوە سەبارەت بە بێسەروشوێنبووان و دامەزراندنی دەستەی نیشتمانی بێسەروشوێنبووان ئەم هەنگاوەش بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە، چونکە گەلی کورد زۆرترین قوربانیی تاوانی جینۆساید و بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێیە.
دواتر رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە ناوەڕۆکی پلانەکە کرد و وتی: ئەم پلانە لە (٢٧) بەش پێکدێت لە بوارەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ کە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ و لیژنەی مافەکانی مرۆڤی عەرەبی لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی راسپاردەی خۆیان لەو بوارانەدا پێشکەش بە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ وەک ئەمنستی ئینتەرناشناڵ، هیومان رایتس وۆچ سەرنجیان لەو رووەوە هەیە، لەلایەکی دیکەوە راپۆرتی ساڵانەی وڵاتانیش ئاماژە بەو بوارانە دەکات بەتایبەتی راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە رەوشی مافەکانی مرۆڤ لە جیهان و راپۆرتی کۆمیسیۆنی ئازادییە ئایینییەکانی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.
شایەنی ئاماژە پێکردنە پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ چەندین بوار لەخۆ دەگرێت لەوانە: یەکسانی و مافی ژنان و منداڵان، پێکهاتە ئایینییەکان و ئازادییەکان، ڕۆژنامەگەری، ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندانی ئاشتیانە، ئاوارە و پەنابەران، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان، کرێکاران و کرێکارانی بیانی، چاکسازی و ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، ڕێگریکردن لە ئەشکەنجەدان، نەهێشتنی شوێنبزرکردنی زۆرەملێ، پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێکهاتەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، سەروەری یاسا، دادگاییکردنی دادپەروەرانە، ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ، پەروەردە ، جینۆساید و ئەو تاوانانەی لەلایەن ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجامدراو.