Skip to the content

د. دیندار زێباری پێشوازی لە شاندێکی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان ( GOV.KRD)- د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودوڵەتییەکان پێشوازی لە شاندێکی لیژنەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کرد کە پێکهاتبوو لە کارمێن ڕۆزا ڤیلا کوینتانا سەرۆکی کۆمیتە و سەرۆکی شاند، باربارا لۆچبیلەرجێگری سەرۆکی لیژنەکە و محەمەد ئایات جێگری سەرۆکی لیژنەکە و نوێنەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یۆنامی).

لەدیدارێکدا تیشک خرایە سەر تاوانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کە گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە گەورەترین قوربانیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بووە لە سەردەمی رژێمی بەعس تا دەگاتە تاوانەکانی داعش کە تا ئێستا ئاسەوارەکانی لەسەر کۆمەڵگای کوردی ماوە و دەیان هەزار هاووڵاتی کورد چارەنووسیان دیار نییە و کەسوکاریان بەدەست ئاسەوارە کۆمەڵایەتیی و دەروونییەکانییەوە دەناڵێنن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا بۆ رزگارکردنی رفێنداراوانی ئێزدی کە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندراون و تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە، هەروەها ئاماژەمان بە هەماهەنگیمان لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کرد کە ئەم هەماهەنگییە قۆناغی زۆری بڕیوە لە زۆر بواردا بەتایبەتی بە ئەرشیڤ کردن و دیکیۆمێنت کردنی بەڵگەی تاوانەکان داعش، بونیادنانی تواناکانی دادوەر و لێکۆڵەرەوان و پێشکەش کردنی یارمەتی بە رزگارکراوان و کەسوکاریان.

لەلایەن خۆیەوە کارمێن ڕۆزا ڤیلا کوینتانا سەرۆکی کۆمیتە و سەرۆکی شاند ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی کرد بۆ ئەرشیف کردن و بە دیکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش و یارمەتیدان ئاوارە و پەنابەران کە لە ئەنجامی هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش شوێن و ماڵ و موڵکی خۆیان جێهێشتووە و روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و ئەو کارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگ وەسف کرد. 

کارمین ڕۆزا ئەوەشی راگەیاند کە لیژنەکەیان ئامادەیە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکات بۆ پێشخستن و پەرەپێدان بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارانەی کە پەیوەندیدارن بە ئەرک و چالاکیی لیژنەکەیانەوە.