Skip to the content

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ یەکسانیی جێندەری کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە، ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ یەکسانیی جێندەری لە لەندەن کۆبوونەوە.

شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەراوێزی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەستپێشخەریی ڕێگریکردن لە توندوتیژیی جێندەری لە ململانێدا، لەگەڵ ئەلیسیا هێربێرت، نوێنەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ یەکسانیی جێندەری لە لەندەن کۆبوونەوە.

شاندەکە پێکدێت لە د.دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کە سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات بە یاوەریی دکتۆر خانزاد ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان و هەر یەک لە تیمی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەڕیتانیا.

ڕێکخەری حکوومەتی هەرێم جەختی لەوە کردەوە کە "حکوومەتی هەرێم مامەڵە لەگەڵ "کوشتن لە ژێر ناوی شەرەف دەکات" وەک تاوانێک کە بە هیچ بیانوویەک چاوپۆشی لێنەکرێت.
پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ٣ی ٢٠١٥ی دەرکرد کە بڕگەکانی ماددەی ٤٠٦ یاسای سزادانی عێراقی ڕاگرت، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی سزای کوشتن بە بیانووی شەڕەف.

بە پێچەوانەی یاسا نیشتمانییەکان کە نەرم و نیانن بەرامبەر بەو پیاوانەی کە بە بیانووی پاککردنەوەی شەرەفیان ژن دەکوژن. ئەو یاسایانەی لە هەرێمی کوردستاندا هەن، کوشتنی شەرەف وەک کوشتنی بە ئەنقەست دەستنیشاندەکەن و لێرەوە ڕێوشوێنی سزای قورس وەک سزای هەتاهەتایی دەسەپێندرێت لەسەر تاوانباران."

د.خانزاد ئەحمەد ڕوونیشیکردەوە، "ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان پلانی دە ساڵەی ٢٠١٧-٢٠٢٧ی داڕشتووە و لەئێستادا لەگەڵ پەرلەمان هەماهەنگی دەکەن بۆ هەموارکردنەوەی یاسا بەرکارەکان."

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکوومەتی هەرێم پلانی کارکردنی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ژنان و ئاشتی و ئاسایش ئامادەکردووە، کە لەسەر سێ کۆڵەگە ڕاوەستاوە: پاراستن، بەشداریکردن و پێشگرتن."

د. خانزاد ئەحمەد ڕوونیکردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆڵەگەی 'پاراستن'ی پێشخستووە وەک کۆمەکییەک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە پەیوەندیدارەکان بە ڕزگاربووان. بۆ ئەم مەبەستە، بۆردێک پێکهاتووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ١٣٢٥ بە سەرۆکایەتیی وەزیر ناوخۆ و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم، کۆمەڵگەی مەدەنی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان. هەروەها، لیژنەیەکی هەماهەنگیکار لە نێوان ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان لە حکوومەتی هەرێم و فەرمانگەی تواناسازیی ئافرەتان لە ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی فیدڕاڵی و سەرۆکی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان لە عێراق و یەمەن.

نوێنەری سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بۆ یەکسانیی جێندەری، ستایشی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کرد لە پێشخستنی یەکسانیی جێندەری، و هەردوولا هاوبەشی و هەماهەنگیی نێوانیان دووپاتکردەوە.