Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبەری ئۆفیسی هیومان ڕایتس وۆچ لە لەندەن کۆبوونەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە، ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبەری ئۆفیسی هیومان ڕایتس وۆچ لە لەندەن کۆبوونەوە.

لە پەراوێزی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دەستپێشخەری نەهێشتنی توندوتیژیی جێندەری لە ململانێکان (PSVI) لە لەندەن، دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بە یاوەریی د. خانزاد ئەحمەد سەرۆکی، ئەنجوومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، لەگەڵ یاسەمین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هیومان ڕایتس وۆچ لە بەریتانیا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چەند تەوەرەیەک کۆبوونەوە.

یاسەمین ئەحمەد پرسیاری لەبارەی ئازادیی ڕادەربڕین و ئاوارەکان وروژاند. ڕێکخەری حکوومەتی هەرێم ڕوونیکردەوە کە "مافی ئازادیی ڕادەربڕین بەهایەکی دیموکراسیی بنەڕەتییە کە دەبێت بەبێ مەرج هەموو کەس لێی سوودمەند بێت. لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا یەک هەزار و ٢٩٥ مۆڵەتی میدیای دیجیتاڵی و ڕۆژنامەوانی دراوە: ٥٠ ماڵپەڕ، ١٣٨ ڕادیۆ، ٩٥٨ ڕۆژنامە و گۆڤار، ٣١ کەناڵی مانگی دەستکرد، و ٨٥ وێستگەی پەخشی ناوخۆیی. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ژمارەیە دەتوانین بڵێین کە لە هەر ٧٧٨ هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان، یەکێکیان ڕۆژنامەنووسە. جگە لەوەش هەر گروپێک کە لە ٤ هەزار و ٩٠١ هاووڵاتی پێکهاتووە، بەرانبەر بە یەک میدیای ئەلیکترۆنی یان ڕۆژنامەوانییە."

"بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بتوانن مافی خۆیان بۆ وەرگرتنی زانیاری لەگەڵ دامەزراوە حکوومی و تایبەتەکاندا بەکاربهێنن و وەک پشتیوانییەک بۆ شەفافییەت و بەشداریکردن لە چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراسی، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی ژمارە ١١ (٢٠١٣)ی دەرکرد. ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەبێ جیاوازی مافی ئەوەیان هەیە داوای ئەو زانیارییانە بکەن و دەستیان پێبگات کە بۆ ڕای گشتی بەردەستن."

سەبارەت بە ئاوارەکان، زێباری دووپاتیکردەوە کە "حکوومەتی هەرێم ساڵانە پێویستی بە بڕە پارە و سەرچاوەیەکی دارایی زۆر هەیە بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بۆ ئاوارەکان و پەنابەرە سوورییەکان. حکوومەتی هەرێم هەمیشە هەوڵی پابەندبوونی بە مەرجەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دەزگا و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی دیکەی داوە. ئەمە سیاسەتێکی پتەو و نەگۆڕ بووە. هەروەها ئیدانەی گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان دەکات."

"لە لایەکی دیکەوە تێکچوونی دۆخی ئەمنی و ناسەقامگیری و بوونی مین و تەقەمەنی لەو ناوچانە و نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەکانی ڕۆژانەیان وەک ئاوی خواردنەوە و فریاگوزاریی سەرەتایی و قوتابخانە و کارەبا بووەتە ڕێگر لە گەڕانەوەیان. جگە لەوەش ژمارەیەکی زۆر لە شانە خەوتووەکانی داعش لەو ناوچانەدا ئامادەن و مەترسییەکی ترسناک بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچە ئازادکراوەکان درووست دەکەن."

یاسەمین ئەحمەد و دکتۆر دیندار زێباری ئاماژەیان بە هەماهەنگیی نێوان هیومان ڕایتس وۆچ و ئۆفیسی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کرد، بە تایبەتی لە ڕووی پێدانی زانیاری و ئاسانکاریی گەیشتن بە شوێنەکان.