تاووتوێی ماف و خزمەتگوزارییەکانی کەمئەندامان دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە میانەی پلانی هەرێمی، ٨٩ راسپاردەی تایبەت بە کەمئەندامان ئاڕاستەی هەرێم کراوە، بۆ دیاریکردنی چۆنیەتیی جێبەجێکردنی راسپاردەکانیش دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەرپەرشتیی وۆرکشۆپێکی تایبەتی کرد کە بە هاوکاریی رێکخراوی پاو و مەسەلە ساز کرابوو.
لە وۆرکشۆپەکەدا کە نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان و گشت وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکانی تایبەت بە کەمئەندامان ئامادەی بوون، تیشکیان خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی کەمئەندام و خاوەن پێداویستیی تایبەت و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ رێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکان.
نوێنەران و رێکخراوەکانی تایبەت بەم چینە سەرنج و پێشنیارەکانی خۆیان سەبارەت بە هەنگاوە کردارییەکان و چۆنیەتیی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان بەم توێژە خستەڕوو.