حکوومەتی هەرێم لە جنێف بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری دەکات بۆ مافی زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- بە هاوکاریی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا و بە بەشداریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، رۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، پەیمانگای قورتبە بۆ ئاشتی-جنێڤ، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ تاووتوێکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان لە جنێڤ رێکدەخات.
ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پڕۆسەی پێداچوونەوەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان و پلانی نیشتمانیی حکوومەتی ئیتحادی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەڕووی زانینی چارەنووسی بێسەر و شوێنبووان.
لەبارەی بەشداریكردنی حكوومەتی هەرێم لەم كۆبوونەوەیەدا، د.دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، كە هاوکات سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پلانی هەرێمە بۆ مافەكانی مرۆڤ، رایگەیاند، "لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیتحادی، نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و سویسرا، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و کۆمیسۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران بەشدارن."
ئەم كۆبوونەوەیە دەرفەتێک دەبێت بۆ خستنەڕووی ئاستەنگ و ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدیهاتوون لە پڕۆسەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی بێسەروشوێنبوون، کە بەشێکە لە پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ و لە کۆی ٣٨٩ راسپاردە بۆ هەرێم، ٩ راسپاردە تایبەتە بە تاوانی بێسەروشوێنکردن لە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
شایەنی باسە، بەپێی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی پاراستنی هەموو کەسەکان لە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ، حکوومەتی عێراق لەم ڕووەوە پابەندە بە پێداچوونەوە و پێشکەشکردنی هەوڵەکانی خۆی بە لایەنی نێودەوڵەتی.