Skip to the content

مەسروور بارزانی: "گرنگیدان و چاودێریی مافەکانی مرۆڤ لە بنەمای کاری کابینەی نۆیەمدایە"

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دادوەر سالار عەبدولستار، وەزیری دادی حکومەتی فیدراڵ، کریسچین ریتسچیر، راوێژکاری تایبەتیی سکرتێری گشتیی UN، نوێنەری جنین بلاسخارت، نێردەی UN له عێراق، نوێنەری ژمارەیەک لە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ئاژانسەکانی UN، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی عێراق و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی حکوومەتی هەرێم، ڕێورەسمی کۆنفرانسی تێپەڕبوونی یەک ساڵ بەسەر پەسەندکردن و جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوەچوو.

لە ڕێورەسمی کردنەوەی کۆنفرانسەکەدا، ئاماژە بەوە کرا پلانەکە ناوەندێکە بۆ کۆکردنەوە و گلدانەوەی تەواوی ئەو ڕاسپاردانەی کە پەیوەستن بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان کە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون.

هەروەها پلانی هەرێمی دەرفەتێکی باشبووە بۆ بەرجەستەکردنی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لە بواری حکومڕانی و گونجاندنی یاسا بەرکارەکان لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی.

لە کۆنفرانسەکەدا، سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی مرۆڤ، بەشێکی گرنگ و سەرەکییە لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری پاراستن و داکۆکیکردن لە بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێم و بەهێزکردنی بنەماکانی ئازادی و دیموکراسی و نەهێشتنی توندوتیژی و توندڕۆیی و دەمارگیری و جیاکاریی ڕەگەزی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەگشتی.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ئاماژەی بە ڕۆڵی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان کرد و گوتی: "ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێممان ڕاسپاردووە بۆ سەرپەرشتیکردنی جێبەجێکردنی پلانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، هاوکات دەبێت لە بەرەوپێشچوونی جێبەجێکردنی پلانەکە و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئاگادارمان بکەنەوە، چونکە یەکێک لە ئامانجەکانی پلانەکە، دیاریکردنی کەموکوڕییەکان و پێشنیازکردنی چارەسەری گونجاوە بۆ نەهێشتنیان."