Skip to the content

پێویستە هەماهەنگیی زیاتر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان هەبێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) بە سەرپەرشتیی د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، رۆژی سێشەممە، رێکەوتی ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، وۆرکشۆپێک سەبارەت بە راسپاردەکانی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان ئەنجام درا.

لە وۆرکشۆپەکەدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان گوتی، "بە حوکمی پێگەی جوگرافی و فراوانیی سنوورەکانی ئێستا، هەرێمی کوردستان بووەتە ئامانجی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و ژمارەی بەکارهێنەر و بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمدا روو لە زیادبوونە و ئامارەکانی دەستگیرکردنیان و ئەو بڕە ماددانەی لە ماوەی رابردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە مایەی نیگەرانین، ئەمەش بۆ زۆر هۆکار دەگەڕێتەوە."

سەبارەت بە راسپاردەکانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکانیش گوتی، "لەبەر گرنگییپێدانی حکوومەتی هەرێم بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، ئێمە ئەم بڕگەیەمان لە پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ زیادکرد، چونکە پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیانی هاووڵاتیانەوە هەیە و ئامارەکانیش روو لە هەڵکشانن، بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان ئەرکی دەسەڵاتی یاسادانان، دادوەری و دامودەزگاکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و لەو رووەوە پێویستە هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان دامودەزگا و دەسەڵاتەکان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان هەبێت."

دیندار زێباری تیشکی خستە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و گوتی "یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٢٠ یاسایەکی گشتگیرە."

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە هەڵمەتی وشیارکردنەوەی کۆمەڵگا لەسەر هەموو ئاستەکان پەرەی پێ بدرێت و بڵاوبکرێتەوە، لێرەدا ئەرکی دەزگاکانی راگەیاندن زۆر گرنگە بۆ ئەوەی وەکو پێویست رۆڵی خۆیان ببینن، چونکە بەشێکیان زۆر بابەت زەق دەکەنەوە کە مەترسییەکانیان زۆر لە ماددەی هۆشبەر کەمتر نییە.

شایەنی باسە لە وۆرکشۆپەکەدا کە نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان گشت وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکان ئامادە بوون، تێبینی و سەرنج و پێشنیارەکانی خۆیان خستەڕوو.