رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری جەخت لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەکەنەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 11/9/2022 د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کرد و لەلایەن بەڕێز دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان پێشوازیی کرا.
لە دیدارێکدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر بەشداری کارای گشت دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی پلانی هەرێم و رایگەیاند: گرنگیی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لەوەدایە کە پلانێکی گشتگیرە وگشت دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری بەپێی پسپۆری و تایبەتمەندیی خۆیان بەشدارن لە جێبەجێکردنیدا، یەکێک لەو دەزگا سەرەکیانەش ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستانە.
دیندار زێباری ئەوەشی ئاشکرا کرد کە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان، کونسوڵگەری وڵاتان ورێکخراوە نێودەوڵەتییەکان پشتگیری لە پلانەکە دەکەن و ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاڵپشتی کردنی.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کرد و وتی: نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی و هەماهەنگی دەکات لەگەڵ دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە، بۆ ئەم مەبەستەش راسپاردەکانمان پۆلێن کردوووە لەسەر دام و دەزگاکانی هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتدا پێشنیاری چارەسەرکردنی ئەو راسپاردانەمان خستۆتە روو کە تا ئێستا جێبەجێ نەکراون.
لەلایەن خۆیەوە دادوەر عەبدولجەبارعەزیز حەسەن سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هەماهەنگی لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا و وتی: پلانەکە هەنگاوێکی گرنگە بۆ نیشاندانی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤەوە ولەو رووەوە هەنگاوی زۆر نراوە بۆ نموونە پرۆسەی دادوەری لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوەدەچێت، سەبارەت بە بەشداری ئافرەتان لە بواری دادەەری (٢٥) دادوەری ئافرەتمان هەیە ئەمەش هەنگاوێکی نموونەییە لە ناوچەکە، سەبارەت بە پرسەکانی مافی مرۆڤ داوامان کردووە کە عێراق بچێتە چەندین رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان ئەوەشی راگەیاند کە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان کار بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکرێت و وتی: لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تاوانبار و تۆمەتباران بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان مافیان هەیە بۆ نموونە دابینکردنی پارێزەر و لەم رووەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیار و حەوت سەد ملیۆن دیناری تەرخان کردووە بۆ پارێزەران.
سەبارەت بە رەتکردنەوەی پرۆژە یاسای هەرێمی کوردستان بۆ دامەزراندانی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری وتی: گەلی کوردستان قوربانی تاوانەکانی داعشە و تاوانەکانی لەسەر خاکی کوردستان ئەنجامدراوە، بۆیە هەرێم هەوڵی دامەزراندنی دادگایەک دەدات کە لە هەرێمی کوردستان بێت، چونکە ئامانجی هەرێمی کوردستان هێنانەدیی دادپەروەرییە، بەڵام دادگای باڵای ئیتحادی رەتی کردەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگی بەشداری کارای گشت دام و دەزگاکانی هەرێم بەپێی پسپۆری و تایبەتمەندیی خۆیان لە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ کردەوە.