Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی ۆورکشۆپێکی کرد سەبارەت بە مافی خۆپیشاندان

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی٢١ ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەشداری لە وۆرکشۆپێکدا کرد سەبارەت بە مافی ڕێکخستنی خۆپیشاندان و ئەو ئاڵنگارییانەی ڕووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبنەوە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا، کە لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام درابوو بە هاوکاری ڕێکخراوی توێژینەوە و پەرەپێدان کە لەلایەن ICNL پشتگیری دەکرێت.

لە وۆركشۆپەكەدا نوێنەرانی پەرلەمانی كوردستان، ئەنجومەنی دادوەری، وەزارەتی داد، وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و نوێنەری نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی) و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ئامادەبوون .
لەو وۆرکشۆپەدا تیشک خرایەسەر ئەو یاسا و رێکارانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرتوویانەتەبەر بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافی هاووڵاتیان بۆ خۆپیشاندانی ئاشتیانە و داواکردنی مافە رەواکانیان لە چوارچێوەی یاسادا.
ئامادەبووان بۆچوون و تێبینی خۆیان سەبارەت بە رێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی داهاتوو خستەڕوو بۆ ئەوەی یاساکە هەموار بکرێتەوە .

لە بەشێکی دیکەی وۆرکشۆپەکەدا ئامادەبووان داوایان لە میدیاکان کرد پابەندی ئەو یاسا و رێنماییانە بن کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەسەندکراون بە مەبەستی رێکخستنی خۆپیشاندان و رووماڵی میدیایی واقیعیانە بۆ خۆپیشاندانەکان.