Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکى پەرلەمان پلانی هەرێمییان بۆ مافەکانی مرۆڤ تاوتوێ کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ١٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کرد، و لەگەڵ ڕێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کۆبۆیەوە و باسی لە پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) و گرنگی بەشداری دام و دەزگاکانی هەرێم لە جێبەجێکردنیدا کرد.

لە دیدارێکدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بە گرنگی پلانی هەرێمی کرد و ڕایگەیاند:'' پلانى هەرێمى بۆ مافەکانى مرۆڤ ٢٠٢١-٢٠٢٥، هەنگاوێکە بۆ وەڵامدانەوە و جێبەجێکردنى ڕاسپاردە و تێبینى نێودەوڵەتى کە لەلایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، لە پانۆرامای خولی گشتگیری و لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون.''

دیندار زێباری ئاماژەی بەوەش کرد کە پلانەکە ڕۆڵێکی سەرەکیی دەبێت لە خستنەڕووی پابەندبوونەکانی هەرێمی کوردستان و لەم رووەوە ڕایگەیاند: کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گرنگییەکی زۆر بە بابەتی ئازادییەکان و پاراستنی بنەما و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییە کارپێکراوەکان دەدات، و بەردەوام ڕاسپاردە ئاڕاستەی وڵاتان دەکرێت بۆ پابەندبوون بەو پرەنسیپانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.هاوکات ڕاشیگەیاند کە:حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی دەدات و پێویستە جێبەجێ کردنیان بەهەند وەربگیرێت و هەوڵ بدرێت ئەو ڕاسپاردانە لە یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوە کردارییەکانی هەرێم ڕەنگ بداتەوە.

رێواز فایەق، سەرۆکى پەرلەمانی کوردستان، پشتگیرى تەواوى پیشاندا بۆ سەرخستنى پلانى هەرێمى و گرتنەبەری هەنگاوى پێویست بۆ جێبەجێکردنی، هەروەها بۆ مەبەستى بەدواداچوون و جێبەجێکردنى هەنگاوەکانى پلانى هەرێمى لیژنەیەکى پسپۆرى پێکدەهێنرێت بۆ بەدواداچوونی هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم.