کار بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی ئەرشیفی تاوانەکانی داعش دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٦ی ئابی ٢٠٢٢، د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی کرد لە خاتوو کارۆلاین بویسمان، سەرۆکی یەکەی لێکۆڵینەوەی ١ لە یونیتاد، الحاجی بابەکر، بەرپرسی پرۆژەی بە دیجیتاڵکردنی یونیتاد، بە یاوەری هاوکارانیان و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ سەبارەت بە بەدیجیتاڵکردنی بەڵگەکان.
پڕۆژەیەی بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەکان، بە یەکێک لە گرنگترین کارەکانی نێوان هەردوولا دادەنرێت تاکو ئەو تاوانە نامرۆڤانەی داعش بە بەڵگە بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشان بدرێت سەبارەت بە کەمایەتی و نەتەوە و ئایینە جیاجیاکان لە عێراق.
پڕۆژەی ئەرشیفکردن/دیجیتاڵکردن لەناو سەنتەری لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان (CIGE)، زێرەڤانی، و فەرمانگەی ڕزگارکراوی ڕفێندراوی ئێزدیەکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە.
پڕۆسەکە لە CIGE لە ١٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ تەواو بووە، کە تێیدا ٩ هەزار و ٨٠١ فایل لە کۆی ٧٣ هەزار و ٩١٢ لاپەڕەوە بە هاوکاری ئۆفیسی UNITAD لە دهۆک ئەرشیف کراوە.
سەبارەت بە نووسینگەی ڕزگاربووانی ئێزدی، پڕۆژەکە لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٢ تەواو بووە، کە تێیدا ٣ هەزار و ٥٤٣ فایل لە ٥ هەزار و ٣٩٣ لاپەڕەوە ئەرشیف کراوە و لە زێرەڤانیش ٣٨٤ مێگابایت (١٢٤وێنە) و ٢٨.٣ گێگابایت (١٠٥ ڤیدیۆ) ئەرشیف کراوە.
پڕۆژەی بەئەلیکترۆنیکردن کۆڵەگەی بنەڕەتی پرۆسەی ئامادەکردنی داوای یاساییە بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەژێر ڕۆشنایی ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی.
حکومەتی هەرێم مکوڕە و بەردەوامە بۆ کۆکردنەوە و پرۆسێسکردنی بەڵگەکانی پەیوەست بە تاوانەکانی داعش. هەنگاوی باش نراوە و حکومەت هەنگاو بەرەو گۆڕانکاری بۆ ئامادەکردنی دۆسیە یاساییەکان دەنێت.