Skip to the content

د. دیندار زێباری: داکۆکی لەسەر بوونیادنانی سەنتەری شیانەوەی پێویست بۆ ئالوودەبوانی ماددەی هۆشبەر دەکەین

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە كیجۆنگ، کونسوڵی گشتی کۆریا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە دیدارێکدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سوپاسی کونسوڵخانەی کۆریای کرد بۆ بە دواداچوونی پرۆپۆزەڵی وەزارەتی پلاندانان لەبارەی وەرگرتنی هاریکاری لە حکومەتی کۆریا بۆ دروستکردن یاخود نۆژەنکردنەوەی سەنتەری شیاندنەوە بۆ تووشبوانی ماددەی هۆشبەر.
 
 د. دیندار زێباری، ئاماژەی بەوەدا کە پرسی ماددەی هۆشبەر لەلایەن هاوتا نیشتمانی و بیانیەکانەوە وەک پێویست گرنگی پێنەدراوە و لە ئێستادا زیاتر لە هەزار زیندانی لە دامەزراوە چاکسازییەکان هەن کە تەنیا بەهۆی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانەوە سزایان بەسەردا سەپێنراوە. 

کونسوڵی گشتی کۆریا لە هەرێمی کوردستان هانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی دا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشی ماددە هۆشبەرەکان و بەڵێنی دا کە لەو بوارەدا هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سوپاسی هەوڵەکانی کونسوڵی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە بەو پەڕی خۆشحاڵییەوە هاریکارییەکان بۆ بوونیادنانی سەنتەری شیاندنەوە بۆ تیمارکردنی تووشبوان وەردەگرن.
 لە کۆتایدا باس لە گۆڕانی کەشوهەوا کرا و ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دا لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگەدا و باسی لە درووستکردنی چەند بەنداو و پڕۆژەی سۆلەر پانێڵی کارابا کرد بۆ فەراهەمکردنی وزەی پێویست بۆ ڕایکردنی چالاکیەکانی ڕۆژانە بە ڕێگەیەکی خاوێن و ژینگە دۆست. 

کونسوڵی گشتی کۆریا لە هەولێر هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی بەرز نرخاند و باسی لە بەرەوپێشچوونی حکومەتی هەرێم کرد لە بواری مافەکانی مرۆڤ، هەروەها گرنگی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی بەرز نرخاند لە بەرەوپێشبردنی مافاکانی مرۆڤ.