Skip to the content

د.دیندار زێباری: بەپێی ڕاسپاردەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەو پەڕی هاوکاری تیمی یونیتاد دەکرێت بۆ سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا

ڕۆژی پێنجشەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٣، لە نۆیەمین ساڵیادی جینۆساید کردنی کوردانی ئێزیدی بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر مەراسیمێک سازکرا.


لەم مەراسیمەدا د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتارێکی پێشکەش کرد، لە سەرەتای وتارەکەیدا ڕایگەیاند: کارەساتی جینۆسایدی ئێزیدییەکان هەموو لایەکمان ناچار دەکات پابەندبین بۆ هێنانەدیی دادپەروەری بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی.

ئاماژەی بەوەش کرد کە بەپێی ڕاسپاردەکانی بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەو پەڕی هاوکاری لە تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و داتا و دیکیۆمێنت کردنی بەڵگەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکانی داعش و دادگایی کردنیان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و کەسوکاریان.

حکومەت بەردەوام بووە لە یارمەتیدانی ئاوارەکان کە تا ئێستاش بە هۆی نەبوونی سەقامگیری لە ناوچەکانیان ١٣٥ هەزار و ٨٦٠ کەسیان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دەژین.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: سوپاسی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە کار لەسەر تاوانەکانی داعش دەکات و لە ساڵی ٢٠١٧دا تیمی یونیتاد دامەزرا بۆ لێکۆڵینەوە و گەیاندنی تاوانبارانی تاوانەکانی داعش و دادگایی کردنیان لەسەر تاوانە نیودەوڵەتییەکان.

ئەم هەنگاوە مێژووییە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی بەڵگەدار لەسەر تاوانەکانی داعش، لەم ڕووەوە حکومەتی هەرێم پابەندبوونی کریستیان ڕیتشەر سەرۆکی تیمی یونیتاد و تیمەکەی بەرز دەنرخێنێت.

سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش، دیندار زێباری وتی: حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ کۆکردنەوەی بەڵگە لەسەر تاوانەکانی داعش بە ئامانجی دادگایی کردنی دادپەروەرانەی تاوانباران، هەروەها لیژنەیەکی وزاری باڵای پێکهێناوە بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و هەوڵەکانی ئازادکردنی ڕفێندراوەکان بەردەوامە. لێرەدا سوپاسی حکومەتەکانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و وڵاتانی تر دەکەین کە پێشتر تاوانەکانی داعشیان بە جینۆساید ناساندووە، ئەم دانپێدانانە هەنگاوێکی گرنگە، شان بەشانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ ئەم مەبەستە، ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی و پشتگیری هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان هەیە.

سەبارەت بە پڕۆژەی بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەکانیش وتی: حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە بە دیجیتاڵکردن و پاراستنی بەڵگەی تاوانەکانی داعش، لەم ڕووەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٠٠ هەزار لاپەڕە دیکیۆمێنت کراوە. لە بارەی بونیاتنانی توانای دادوەر و لێکۆڵەران لە بارەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی بە هەماهەنگی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ لیژنەی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد (NCC) تا ئێستا ٢٤ دادوەر و ٧ داواکاری گشتی و ٦ توێژەری دەروونی و کۆمەڵایەتی بەشدارییان لە خولی مەشقدا کردووە لە دەرەوە و ناوەوەی هەرێم.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا وتی:''پێویستە پێکەوە کار بکەین بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی ڕابردوو و دروستکردنی داهاتوویەکی دادپەروەرانەتر بۆ قوربانیانی تاوانەکانی داعش و دادگایی کردنی ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە.