Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە ڕۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی بەڕیتانیا لە هەولێر کرد

رۆژی سێشەممە ١ی ئابی ٢٠٢٣، د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە شاری هەولێر پێشوازی لە ڕۆزی کەیڤ، کونسوڵی گشتی بەڕیتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بە پێشکەوتنەکانی پڕۆسەی جێبەجێکردنی قۆناغەکانی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد و رایگەیاند'' لە ئێستادا نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان دواین ڕاپۆرتی بەراوردکاری خۆی لەبارەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی ئامادەکردووە کە هەڵسەنگاندنێکی وردە لەبارەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانی هەرێمی. ''

د.دینار زێباری ڕاشیگەیاند :'' توانیومانە ببینە چاودێر بەسەر جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی و بەم هۆیەشەوە بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەدی دەکرێت لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ .'' و ئاماژەشی بەوەدا کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان بە ڕێژەی ٪١٠ زیادی کردووە کە جێگەی دڵخۆشیە و ئەو بەرەوپێشچوونە یەکێکی دیکەیە لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەم.

لەلایەن خۆیەوە کونسوڵی گشتی بەڕیتانیا دەستخۆشی لە هەوڵەکانی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان کرد و دوپاتیشی لە پشتگیری کونسوڵی گشتی بەڕیتانیا لە هەولێر کردەوە بۆ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم لە بەرەوپێشبردنی مافەکانی مرۆڤ. لەم سۆنگەیەوە کونسوڵی گشتی بەڕیتانیا ڕاپۆرتێکی نوێی لەبارەی توندووتیژی خێزانی پێشکەشی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان کرد، ئەوەش وەک نیشاندانی بەردەوامبوونی پشتگیریەکانیان.

کونسوڵی گشتی بەریتانیا ئاماژەشی بە لە ڕەوشی ئازادی ڕادەربڕین کرد و گرنگی ئازادیە تاکەکەسیەکانی بۆ کونسوڵخانەی گشتی بەڕیتانیا خستەڕوو.