Skip to the content

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و شاندێکی یەکێتیی ئەوروپا هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تاوتوێ دەکەن

د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم پێشوازیی کرد لە شاندێکی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر کە پێکهاتبوو لە بەڕێزان د. تۆرکیڵد سەرۆکی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر و بەڕێز ئاری لاهتیلا ڕاوێژکاری باڵای ستراتیژی لەسەر تاوانی ڕێکخراو.

لەکۆبوونەوەکەدا د. دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئاڵوگۆڕکردنی بەرەو پێشچوونەکانی ڕەوشی ماددە هؤشبەرەکان و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەرەنجامەکانی کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پڵانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ بەڕێوە چوو.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە گرنگی هاوکاری کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بەتایبەتی لە دابینکردنی ئامێرەکانی دزۆزینەوە وتەکنەلۆجیای نوێ بۆ دام و دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها زیاد کردنی چالاکییەکانیان لە بواری بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دەربارەی زیانەکانی ماددە هۆشبەرەکان و چۆنیەتی بەرەنگار بوونەوەیان.

لای خۆشییەوە، سەرۆکی ئۆفیسی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هاریکاریکردنی ‌حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.