Skip to the content

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: کار دەکەین بۆ هەماهەنگی زیاتر لەگەڵ حکومەتی ئیتحادی لە مەلەفی مافەکانی مرۆڤ

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی وەزارەتی دەرەوەی کرد و لەلایەن بەڕێز عومەر بەرزنجی بریکاری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری فرەلایەن و یاساییەوە پێشوازی لێکرا.

لە میانەی کۆبوونەوەیەکدا کە سەرۆکی فەرمانگەی یاسایی، فەرمانگەی مافی مرۆڤ و فەرمانگەی ڕێکخراو و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان لە وەزارەتی دەرەوە ئامادەی بوون، دیندار زێباری تیشکی خستە سەر پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و ڕایگەیاند: نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران پلانی مافی مرۆڤ ئامادە کردووە کە هاوتەریبە لەگەڵ پلانی نیشتمانی مافی مرۆڤ، تا ئێستا (٥) ڕاپۆرتمان لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکە بڵاوکردۆتەوە، هەروەها (٩) رێکارمان دەرکردووە بۆ دام و دەزگاکانی هەرێم بە مەبەستی جێبەجێکردنیان ئێستاش لە پرۆسەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ساڵی دووەم جێبەجێکردنداین.

زێباری زیاتر وتی: تائێستا (40) ڕاپۆرتمان لەگەڵ لیژنەی نیشتمان نووسینی ڕاپۆرتی رێکەوتننامەکان ئاڵوگۆڕ کردووە و لە چوارچێوەی شاندی کۆماری عێراق بەشداریمان لە (9) گفتوگۆی راپۆرتەکان کردووە لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ و لیژنەی مافی مرۆڤ لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، بەشداریکردنی حکومەتی هەرێم تەواوکەری ڕاپۆرتەکانی کۆماری عێراق بووە .

سەبارەت بە میکانیزمی هاوکاری لە بواری مافی مرۆڤ، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتی: لە رابردوودا هەماهەنگی لە نێوان نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و لیژنەی نیشتمان نووسینی ڕاپۆرتی رێکەوتننامەکان هەبووە و بەردەوامە، بەپێی فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدەین ئەم هەماهەنگییە بەهێزتر و فراوانتر بێت بەتایبەتی لە بەشداریکردنی نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەو کۆبوونەوە و کۆنفرانسە هەرێمی و نێودەوڵەتییانەی لە بارەی مافی مرۆڤ و کاروباری مرۆییەوە دەبەسترێن بۆ نیشاندانی هەوڵەکانی حکومەت لە بارەی بەرگری کردن پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر ڕادەی پابەندبوونی عێراق بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی ڕێککەوتننامە و پەیماننامەکانی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم یارمەتیدەر دەبێت.

لای خۆیانەوە ئامادەبووان جەختیان لەسەر گرنگیی ۈ بەهێزکردنی ئەم هەماهەنگی و هاوکارییە لەگەڵ نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم و فەرمانگەکانی مافی مرۆڤ، یاسایی و ڕێکخراو و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان.