Skip to the content

لە بەغدا رێکخەری راسپارە نێودەوڵەتییەکان وتاری حکومەتی هەرێمی لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجکردنی پلانی مافەکانی مرۆڤ پێشکەش کرد

ئەمڕۆ ١٠-١٢-٢٠٢٣ لە شاری بەغدا بە ئامادەبوونی بەڕێزان محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران و د. خالید شوانی وەزیری داد و ژمارەیەک وەزیری حکومەتی ئیتحادی ودبلۆمات و نوێنەرانی وڵاتان، دووەم کۆنفرانسی پلانی نیشتمانی بۆ مافەکانی مرۆڤ بەسترا.

لە کۆنگرەکەدا د. دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتاری حکومەتی هەرێمی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ و رایگەیاند:

حکوومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی رەوشی مافەکانی مرۆڤ و ئەو ماف و ئازادییانەی کە لە دەستووردا هاتووە. پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥)، بەشێکە لە میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.

زێباری هەروەها وتی: دوای ئەوەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢١ پلانەکەی پەسەند کرد، نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تا ئێستا (٥) ڕاپۆرتی لەسەر جێبەجێکردنی پلانەکە ئامادە کردووە و نزیکەی (٦٠) وۆرک شۆپ و (٤٠) کۆبوونەوە و سەردانی مەیدانی ئەنجامدا بۆ پێناسەکردنی پلانەکە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد ڕاپۆرتی کۆتایی پلانەکە ئەو پێشکەوتنانە دەخاتە ڕوو کە لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ بەدەست هاتوون و ئاستی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی (٢٥%) زیادی کردووە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢. لەوانە دەرچوونی (٢٢) یاسای پەیوەندیدار بەو پلانەکە، هەروەها (٢٧) ڕاپۆرت، (٣٤) لێدوان، و (٩٣) بەیاننامە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاڵوگۆڕ کران.

زێباری ئەوەشی خسته ڕوو لە ئازادی بیروڕا و ڕادەربڕین یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکرا بۆ ئاسانکاری کاری ڕۆژنامەوانی، مۆڵەتیش درا بە (١٤٤) کەناڵی تەلەفزیۆنی، لەوانە (٣٦) کەناڵی مانگی دەستکرد و (١٠٨) کەناڵی ناوخۆیی و (١٥٥) ڕادیۆ. لە بواری پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان (٨) کەیس لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا و سزا بەسەر (٣١) کەسدا سەپێندرا بە تۆمەتی توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسان.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن و وتی: حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆر بەم بابەتە دەدات لەم رووەوە (١٣٨) حاڵەت لێکۆڵینەوەی لەسەر کرا، (٤٣٢) کۆمپانیا داخراوە و (٩٩٨) کۆمپانیا خرانە ژێر چاودێری و (٥٣٤) کۆمپانیا لەژێر لێکۆڵینەوەدان.

لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی کەندەڵیش وتی: حکومەتی ھەرێم ستراتیژی نیشتیمانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٥ی پەسەند کرد بۆ بەدیھێنانی حوکمڕانییەکی کاراتر و شەفافتر، لە ساڵی ٢٠٢٣دا (٣٣٤) دۆسیە ڕەوانەی دادگاکان کران و بڕیاری دادوەری لە دژی (٧٧) فەرمانبەری پلە کاری جیاواز دەرچووە  هەروەها پڕۆژەی (ئەژماری من)ی دەستپێکرد، بەم پێیەش سەرجەم فەرمانبەران لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤دا هەژماری بانکییان دەبێت.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: سەبارەت بە مافەکانی ئافرەتان، جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕەزامەندی دەربڕیوە بۆ دابینکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ داڵدەدانی ئەو ئافرەتانەی قوربانیی توندوتیژی بوون و لە شەڵتەرەکاندا دەژین، لەلایەکی دیکەوە ئافرەتان بەشدارییەکی کارایان لە دەسەڵاتی دادوەری و دەزگای داواکاری گشتیدا، لە بارەوە (٦٥) دادوەر و (٦٥) داواکاری گشتی و زیاتر لە (٢٠٠) یاریدەدەری دادوەری و (٥٠٠) لێکۆڵەری دادوەری ئافرەتن. لە ساڵی ٢٠٢٣دا (٢٤) دادوەری ئافرەت دامەزراون.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان وتی: ژمارەی ئەو کەسانەی بەکارهێنەران و بازرگانی کردن بە ماددە هۆشبەرەکان سزادراون گەیشتۆتە (٢٦٧٦) کەس لە چاکسازییەکان و نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی بە ئامادەبوونی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و نوێنەری سەرۆک وەزیرانی عێراقی بەڕێز محمد شیاع سودانی.

لە کۆتایی وتارەکەیدا د. دیندار زێباری وتی: حکومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و کار دەکات بۆ پاراستن و داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ، سەرەڕای ئەو تەحەدیات و ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی بووەوە لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی هەرێم هەنگاوی جددی ناوە بۆ جێبەجێکردنیان، مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە گشتیەکان پێویستی بە هەوڵی هاوبەشی حکومەت و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان هەیە، بۆیە پێویستە ئەو لایەنانە هاوکاری میکانیزمە نیشتمانییەکان بن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ.