Skip to the content

ڕێكخراوێكی بەریتانی هەوڵی بەجینۆساید ناساندنی پرسی ئیزدییەكان لە پەرلەمانی بەریتانیا دەدات

د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم، پێشوازی لە  ڕەیچەڵ مینەر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی ناحكومیی بێڵوێزەر کرد.

ڕێکخراوی بێڵوێزەر بنکەکەی لە شاری لەندەنە و کار لە بوارە مرۆییەکان بۆ ئەو گرووپە کەمینە ئایینیانەی کە ڕووبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە دەكات، بەتایبەتی لەو کۆمەڵگەیانەی کە ئازادیی ئایینی پێشێل دەکرێت. 

خاتوو ڕەیچەڵ مینەر دەربارەی باروودۆخی ئێزیدییەکان چەند پرسیار و سەرنجێکی ئاڕاستەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کرد و ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕۆڵی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان (OCIA)ی لە داکۆکیکردن لە ئازادیی ئایینی و هاوکاریی مرۆیی و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ نشینگەکانیان خستەڕوو.

لە درێژەی دیدارەکەدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە ئاستەنگەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کرد؛ كە خەمساردیی لایەنی دەرەکی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە هۆکارەکانی خاوبوونەوەی پڕۆسەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییەکانن بۆ زێدی خۆیان.

بەڕێوبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی بێڵوێزەر خۆشحاڵ بوو بە بیستنی زانیاریی هەوڵ و چاودێرییەکانی حکومەتی هەرێم لە ڕێگەی نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی هاریکاریکردنی  ئێزدییەکان و قوربانیانی دەستی تاوانە دژەمرۆییەكانی داعش. هەروەها ڕاشیگەیاند "ئێستا ڕێکخراوەکەیان لە هەوڵدایە بۆ دروستکردن و کۆکردنەوەی پاڵپشتی و کۆدەنگی لەبارەی ناساندنی جینۆسایدی ئێزیدیەکان لە پەرلەمانی بەڕیتانیا."


ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەم هەوڵانەی ڕێکخراوە بەڕیتانییەکەی بەرز نرخاند، هەروەها ئامادەیی دەربڕی کە لە نزیکەوە بەشدار دەبێت بۆ دروستکردنی کۆدەنگی لەناو پەرلەمانی بەڕیتانیا، بۆ بە جینۆساید ناساندنی کەیسی ئێزیدییەکان.