Skip to the content

یەکێتیی ئەورووپا لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەردا یارمەتیی هەرێمی کوردستان دەدات

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە هەولێر پێشوازی لە نوێنەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا، د. تۆرکیڵد بیگ بۆ تاووتوێکردنی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کرد.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە ستراتیژی هەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان کرد؛ دووپاتیکردەوە کە ئامانجی ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانی حکومەتی هەرێم بریتییە لە خۆپارێزی، ئەمەش بە دامەزراندنی سەنتەرەکانی بووژاندنەوە. بۆ دامەزراندنی سەرکەوتووانەی سەنتەری بووژاندەنەوە و چاکسازییش، حکومەتی هەرێم پێویستی بە پاڵپشتیی تەندرووستی و سەرچاوە مرۆییەکانە. جگە لەوەش ئامانج لە ستراتیژەکە ئەوەیە کە هەموو لایەنە نێودەوڵەتی و پەیوەندیدارەکان بۆ هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە گەیشتن بە ئامانجەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لەسەر هێڵ بن.

د. تۆرکیڵد بیگ، ڕایگەیاند: "پرسی ماددە هۆشبەرەکان پرسێکی نێودەوڵەتییە و سنوورەکان تێدەپەڕێنێت، هەر لەبەر ئەم هۆیەشە وەک یەکێتیی ئەورووپا بە هەموو شێوازێک لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر پاڵپشتیی خۆمان بۆ حکومەتی هەرێم دووپات دەکەینەوە."
نوێنەری پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا بەڵێنی دا خواستەکانی حکومەتی هەرێم بە یەکێتیی ئەورووپا بگەیەنێت بۆ هاریکاریکردنی هەرێم و هەردوولایەن بڕیاریان دا هەماهەنگیی کردەیی و مەیدانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بکەن.