Skip to the content

ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر بەكارهێنانی منداڵێك لە ئاهەنگی سەری ساڵدا گیرایەبەر

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە كاردانەوەی بەكارهێنانی نەشیاوی منداڵێك لە ئاهەنگی سەری ساڵدا لە شاری هەولێر، ڕێوشوێنی یاسایی دەگیرێتەبەر و هۆڵی ئاهەنگەكە دادەخرێت و باوكی منداڵەكە دەستگیردەكرێت.
 
د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حكومەتی هەرێم ڕایگەیاند: "حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ پاراستنی مافی منداڵان بە پێی ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و بە یەکێک لە پابەندبوونەکانی چوارچێوەی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤی دادەنێت کە ئیستا لە قۆناغی جێبەجێکردندایە. لەم ڕووەوە حکومەتی هەرێم ڕێنمایی و بڕیاری بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان دەركردووە، بەتایبەتی لە کاتی پەخشی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بەکارنەهێنانی منداڵان بۆ مەبەستی تایبەت یان بۆ پڕوپاگەندە."
 
 ئەم لێدوانەی ناوبراو لە كاتێكدا هات كە لە بۆنەی سەری ساڵدا، منداڵێكی بەسراوی بە ناوی (ع.ب.ع) لە هۆڵێكی ئاهەنگگێڕاندا لە شاری هەولێر، چەند جووڵە و رەفتارێكی دوور لە بنەما و دابونەریتی كۆمەڵایەتی كردووە و پاش وێنەگرتنی، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكرایەوە. منداڵەكە بە مەبەستی گەشتوگوزار و بەسەربردنی پشووی سەری ساڵ، لەگەڵ خێزانەکەی هاتووەتە شاری هەولێر و باوکی لەگەڵ خۆیدا بۆ ئاهەنگەكە بردوویەتی. 
 
سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی دەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم لە بارەی رووداوەكە، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان رایگەیاند: "دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە لە سۆشیال میدیا، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای هەولێر بەدواداچوونیان بۆ بابەتەکە کرد و دوای پشتڕاستکردنەوەی شوێن و کاتی ڕووداوەکە، ڕێکاری کارگێڕیی پێویست بەرانبەر هۆڵەكە گیرایەبەر و هۆڵەكە داخرا. لە ڕووی یاساییشەوە سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی/ دەستەی مافی گشتی، داوای لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر کرد سکاڵای یاسایی دژی هۆڵەكە و باوکی منداڵەکە بجووڵێنێت، لە ئەنجامدا باوكی منداڵەكە بە ناوی (ب. ع. ع) دەستگیر كرا و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەری گیراوەتەبەر."
 
 د. دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت :"ئەو ڕووداوە پێچەوانەی بەها و دابی گشتیی کۆمەڵگەیە و پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەكانی هەرێمی کوردستانە، هاوکات پێشێلکردنی مافەکانی منداڵانە. ئەمە یەکەم حاڵەتە کە لە هەولێر و هەرێمدا ڕوویدابێت؛ بەو پێیەی لە ماوەی ڕابردوودا هیچ حاڵەتێکی هاوشێوە تۆمار نەکراوە."