ڕێکخەری حکومەتی هەرێم بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرکونسوڵی کۆریای باشوور هەماهەنگییەكان بەهێزتر دەكەن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، (GOV.KRD)- ڕێکخەری حکومەتی هەرێم بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرکونسوڵی کۆریای باشوور دیدارێكیان سازكرد و باسیان لە هەماهەنگیی چەند بوارێك کرد.
د.دیندار زێباری، ڕێکخەری حکومەتی هەرێم بۆ ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٤ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٢، پێشوازی لە چۆ کیجۆنگ، کونسوڵی گشتیی کۆریای باشوور لە هەرێمی کوردستان کرد، بۆ تاووتوێکردنی ئەو بوارانەی کە جێگەی بایەخی هەردوولایە.
کیجۆنگ جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتەكەیان مافی مرۆڤ بە پایەیەکی سەرەکیی حوکمڕانی دەزانێت و کار بۆ پێشخستنی پابەندبوونەکانی لە سەرانسەری جیهاندا دەكات. جگە لەوەش، سەرکونسوڵی کۆری ستایشی هەوڵەکانی دکتۆر دیندار و نووسینگەکەی کرد لە چاودێریکردن و داکۆکیکردن و باشترکردنی دۆخی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.
د.دیندار زێباری ڕۆشنایی خستە سەر قۆناغەکانی ئێستای جێبەجێکردنی پلانی مافی مرۆڤی حکومەتی هەرێم کە چوارچێوەیەکی گشتگیرە بۆ چەسپاندنی چاکسازییە یاسایی و ئیدارییەکان لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان. هەروەها جەختی لە گرنگیی هەبوونی هاوتا نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ بەرجەستەکردنی جێبەجێکردنی خێرا و تەواوی پلانەکە.
چۆ کیجۆنگ ئاماژەی بە هاوکارییەکانی کۆریای باشوور کرد بۆ هەرێمی کوردستان، کە خۆیان لە دامەزراندنی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بۆ دابینکردن و هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران و پێشخستنی پێکەوەژیانی ئایینی و ئیتنیکی و چەند بوارێکی تر دەبیننەوە. هەروەها، دیندار زێباری و چۆ کیجۆنگ باسیان لە دامەزراندنی سەنتەرێکی شیاندنەوە کرد بۆ قوربانیانی ئاڵودەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان کە دەبێتە بڕگەیەکی گرنگ بۆ ئاشتکردنەوەی قوربانییەکان لەگەڵ کۆمەڵگادا.