Skip to the content

ڕوونکردنەوەی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە پڕۆسەى بەڕیوەچوونى دادگایی کردنی کەیسێک لە دادگاى تاوانى سێى هەولێر

ڕێکەوتی ٢١ی تەمموزی ٢٠٢٣، ریکخراوی کۆمیتەی بەرگری کردن لە رۆژنامەنووسان CPJ راپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەبارەی دادگایی کردنی ڕۆژنامەنووس (شێروان شێروانی)، کە لە راپۆرتەکەیدا تۆمەت ئاراستەى هەرێمی کوردستان دەکات لەسەر ڕێکارە یاساییەکان و پڕۆسەی دادگایی کردنەکە.

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە کە ئەمەش دەقەکەیەتی:

دواى ئەوەى هەریەکە لە سزادراوان (ئەیاز کەرەم رەشید، هاریوان عیسا محەمەد، شێروان ئەمین نعو، شڤان سەعید عومەر، گوهدار محەمەدئەمین) داواکارییەکیان پێشکەش کرد بۆ پێدانى ئازادکردنى بە مەرج (افراج شرطى) لەدواى داواکارییەکەیان دەست بە ڕێکارەکان کرا بۆ پێدانى ئازادبوونى بەمەرج.

دواتر سزادراو (شێروان ئەمین نعو) داواکارییەکى پێشکەشى توێژەرى کۆمەڵایەتى کرد بەناوى پێنج سزادراو بەمەبەستى ڕاگرتنى ئازاد کردنی بە مەرج (افراج شرطى) کە پێشتر سزادراوەکان داوایان کردبوو وە بۆ ئەم مەبەستەش پەنجەمۆریان کردووە.
توێژەرى کۆمەڵایەتى داواکارییەکەى بەرزکردەوە بۆ بەڕێوەبەرى چاکسازى گەوران، لەلاى خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتى چاکسازى گەوران ئەم داواکارییەى ناوبراوى ئاراستەى بەشى یاسا و داواکارى گشتى لە چاکسازییەکەى کرد سەبارەت بە پاشگەزبوونەوەیان لە داواکردنى ئازادبوونى بەمەرج.
هەردوو سزادراو (شڤان سەعید عومەر و گوهدار محەمەد ئەمین) بێ ئاگایی خۆیان لەو داواکاری پەنجەمۆر راگەیاندووە، واتە کەسی تر لەجیاتی ئەوان پەنجەمۆریان کردووە، بۆیە چاکسازی گەورانی هەولێر داوای کردووە کە رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە بگیرێتە بەر کە ئەم کارەیان ئەنجامداوە.
دوای وردبینی لە کەیسەکە داواکاری گشتی بەپێی بەپرسیاریەتی و ئەرکی خۆی لە پاراستنی مافی گشتی رێکاری یاسایی ئەنجامداوە بەرامبەر ئەو کەسەی بەم کارە هەستاوە و داوای جوڵاندنی کەیسەکەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر کردووە.
لە لێکۆڵینەوەی سەرەتایی لە دادگای لێکۆڵینەوەی دەشتی هەولێر نوێنەری یۆنامی، سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، داواکاری گشتی و چەند پارێزەرێکی (شێروان شێروانی) ئامادەبوون، بەپێی مادده (٢٨٩-٢٩٨ ) لە یاسای سزای عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی ( ١٩٦٩ )ی هەموار کراو، وتە (شێروان ئەمین نعو) ناسراو بە شێروان شێروانی وەرگیراوە.

بە پشتبەستن بە هەبوونی بەڵگەی پێویست دۆسیەکە ڕەوانەی دادگای تاوانی سێى هەولێر کراوە، دوای تەواوبوونی سەرجەم رێکارەکان تۆمەتی تەزویرکردن و بەکارهێنانی دەقی تەزویر کراو ئاڕاستەی گومانلێکراو (شێروان شێروانی) کرا.
دواتر دادگا گوێبیستی داواکاری و خواستی داواکاری گشتی لە دادگای تاوانی سێى هەولێر بوو و داوکرا کە پاڵپشت بە ماددە (۱٤۲) لە یاسای سزاکان وەسفی تاوانەکە لە ( ٢٩٨/٢٨٩ ) بکرێتە ( ٢٩٨/٢٩٥ )ی یاسای سزاکان و تۆمەتی ئاڕاستە کراوە.
بەڵگەی تاوان سەلماندوویەتی کە داواکاری پەشیمان بوونەوە بە دەست و خەتی (شێروان شێروانی) نووسراوە و پەنجەمۆری لەسەر ناوی (گوهدار محەمەد ئەمین) کردووە واتە نووسراوی ئاسایی (محرر عادی) تەزویر کردووە و بەکاریشی هێناوە، کەواتە تاوانی ئەنجامداوە و لە قۆناغی دادگایی کردنیش سەلمێندراوە، واتە (دليل و قرينە) هەیە و بەپێی یاسای بنەمای سزایی ئیدانە دەکرێت.

پڕۆسەی دادگایی کردنەکە لە ڕێکەوتی (٢٠ی تەمموزی ٢٠٢٣، بەڕێوەچوو و بڕیاردرا بە سزادانی (شێروان شێروان) بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی(٢٩٥) لە یاسای سزادانی عێراقی، بە تۆمەتی (تزویر المحررات العادیە)، هەروەها بۆ ماوەی یەک ساڵ و شەش مانگ بەپێی ماددەی(٢٩٨) لە یاسای سزادانی عێراقی بە تۆمەتی (استعمال محرر مزور) سزادرا.
واتە کۆی گشتی سزاکە چوار ساڵە و بڕیارەکەش لە روو ئاشکرا دەرچووە و قابیلی پێداچوونەوەیە.
بەپێی یاسا و بنەماکانی دادگای سزایی بریکاری لە نێوان سزادراوەکان و پەنجەمۆر کردن، یان واژوو کردنی هەر داواکارییەکی کەسێک لە جیاتی کەسێکی تر و پێشکەش کردنی ئەو داواکاریانە ڕێگا پێدراو نییە و دژ بە یاسایە.

نوسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

٢٣ تەمموزی ٢٠٢٣