Skip to the content

ڕوونکردنەوەی نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لەبارەی مافەکانی مرۆڤ

لە ڕێکەوتی ١٣ى تەممووزی ٢٠٢٣، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕاپۆرتی ساڵانەی سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی لەسەر ئاستی جیهان بڵاو کردەوە کە تێیدا باس لە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ دەکات لە عێراق و هەرێمی کوردستان. نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان (OCIA) لە ڕێگەی تۆڕە حکومییەکانیەوە شیکاری بۆ تێبینییە تایبەتەکان دەکات کە ئاراستەی حکومەتی هەرێم دەکرێن ئەمەش بەو پێیەی ئەو تێبینییانە پێویستییان بە پێویستییان بە هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی وردە.

ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوە (کۆمۆنوێڵس) و گەشەپێدان بۆ ساڵی ٢٠٢٢، سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی تیشک دەخاتە سەر بابەتگەلێکی بەرفراوان لە جیهاندا، لەوانە مافەکانی ژنان، مافی کەمینە نەتەوەییەکان، ئازادی ڕۆژنامەنووسان و مافی خۆپیشاندان.

حکومەتی هەرێم دووپاتی دەکاتەوە کە لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە هیچ کەسێک بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر نەکراوە، ئەمەش پابەندبوونی هەرێم بە ڕێکارە یاسایی و نێودەوڵەتییەکانەوە پێشان دەدات. جگە لەوەش حکومەتی هەرێم ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوەی گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی مافی ناڕەزایەتیی ئاشتییانە و هاوکات ڕێز لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری دەگرێت بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکان دوور لە هەر پێشێلکارییەکی یاسایی.

بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بتوانن سوودمەند بن لە مافی وەرگرتنی زانیاریی دامەزراوە حکومییەکان بە شێوازێکی شەفاف و بە پابەندبوون بە چەسپاندنی پرۆسەی دیموکراسی مامەڵە دەکەن. پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای دەستڕاگەیشتن بە زانیاریی ژمارە ١١ی ساڵی (٢٠١٣) دەر خستووە و لەم دواییانەدا گفتوگۆی زیاتر بۆ پابەندبوون بۆ مەبەستی پێداچوونەوە بە یاسا بەرکارەکان و هەروەها چەسپاندنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان کراوە، هاوتەریب لەگەڵ پەیماننامەکان و ڕێککەوتننامەکان لە سەر ئاستی جیهاندا. لە هەمان کاتدا ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەردەوام مافی ئەوەیان هەیە داوای زانیاری بکەن و دەستیان پێ بگات.

ڕاپۆرتەکە ڕەچاوی بارودۆخی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پارێزبەندیی ڕێکارەکان دەکات لە هەرێمی کوردستان و عێراق. لێرەدا بۆ مەبەستی پاراستن و فەراهەمکردنی بێلایەنی لە دادگاکان، دووپاتی دەکەینەوە کە هەرێم سیستمێکی دادوەری ئازاد و سەربەخۆی هەیە و هەڵوێستی خۆی لەم بارەیەوە خستووەتە ڕوو. لە هەرێمی کوردستان لایەنی دادوەری سەرپەرشتی ئەو ڕێکارانە دەکات کە کار بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکان و دادگاییکردنیان دەکەن. هەروەها دەسەڵاتی دادوەری گەرەنتیی جێبەجێکردنی دادپەروەرانەی یاسا ناوخۆییەکان و چەسپاندنی پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەکان دەکات.

سەبارەت بە مافەکانی ژنان، حکومەتی هەرێم وەک تاوانێک مامەڵە لەگەڵ کوشتن بە بیانووی شەرەف دەکات. پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ٣ی ساڵی (٢٠١٥)ی دەر کردووە و بڕگەکانی مادەی ٤٠ی یاسای سزادانی عێراقی هەڵپەساردووە، کە بریتییە لە کەمکردنەوەی سزای هەر کەسێک هاوسەرەکەی یان یەکێک لە نزیکەکانی لە ڕەگەزی بەرانبەر (ژنەکان) بکوژێت یان توندوتیژییان بەرانبەر بکات بە بیانووی پاککردنەوەی شەرەف. لە هەرێمی کوردستان کوشتنی شەرەف وەک کوشتنی بە ئەنقەست دەستنیشان دەکرێت وە ڕێوشوێنی سزای قورس واتە سزای هەتاهەتایی بەسەر تاوانباراندا دەسەپێنرێت.

حکومەتی هەرێم پاڵپشتیی حکومەتی بەڕیتانیا بەرز دەنرخێنێت سەبارەت بە جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١ – ٢٠٢٥) هەروەها هەوڵەکانی ئەم دواییە کە دراون بۆ بەرزکردنەوەی لێهاتوویی و بنیاتنانی توانای دادوەران لە هەرێمدا.