Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکومەتی هەرێم کەشێکی ئازادی بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان دابین کردووە

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازیی لە دان باربەر، بەڕێوبەری نووسینگەی باڵوێزخانەی کەندا لە هەولێر-عێراق کرد.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە چەند بابەتێکی پەیوەست بە پلانی هەرێمیبەوە کرا، لەبارەی مافەکانی مرۆڤ؛ لە سەرەکیترینیان ئازادیی ڕێکخراوە ناحکومییەکان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "کابینەی نۆیەم سەرمەشقی چاکسازی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بووە و نموونەی ئەمەش پلانی هەرێمییە بۆ مافەکانی مرۆڤ ( ٢٠٢١-٢٠٢٥) کە ئێستا لە ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانەکەداین."

بەڕێوبەری نووسینگەی باڵوێزخانەی کەندا لە هەولێر-عێراق، ڕایگەیاند: "پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ بووەتە هۆی زیادبوونی گفتوگۆی کراوەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و ڕۆڵێکی ئەرێنی دەبینێت لە بەرەوپێشبردنی تۆڕی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان." گوتیشی: گفتوگۆی کراوە یەکێکە لە بەها سەرەکییەکانی کەنەدا و خۆشحاڵن بەم شێوەیە بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن.

دواتر بەڕێوبەری نووسینگەی باڵوێزخانەی کەندا لە هەولێر-عێراق، باسى له کارکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە هەرێمی کوردستان كرد و ڕاشیگەیاند "هەرێمی کوردستان لە بەرئەنجامی خەبات و شکۆمەندییەوە دروست بووە و هەر بەو شێوەیەش بەردەوام دەبێت."

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان ڕایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان کەشێکی لەبار و ئازادی بۆ ڕێکخراوە ناحکومییەکان فەراهەم کردووە؛ لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٥٠٠٠ ڕێکخراوی ناحکومی ناویان تۆمار کردووە و کارەکانیان دەکەن، لەگەڵ ئەوەی کە ڕێکخراوەکان ئازادن، بەڵام پێویستە ڕێز لە یاساکانی حکومەتی هەرێم بگیرێت و ڕێنماییە حکومییەکان لەبەرچاو بگرن."