Skip to the content

حکومەتی هەرێم لە پشتگیریکردنی تیمی لێکۆڵینەوەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە تاوانەکانی داعش بەردەوامە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێم، د. دیندار زێباری، پێشوازیی لە شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا کرد بە سەرۆکایەتیی جۆریس هیرێن، ڕاوێژکاری یەکەمی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا (مینا)، هاوشان لەگەڵ ئەندامانی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد). لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەوپێشبردنی کارەکانی یونیتاد و خێراکردنی پڕۆسەی بەدیجیتاڵکردن و دۆکومێنتکردنی تاوانەکان و دادگایکردنی تیرۆرستان کرا.

سەرەتا جۆریس هیرێن، ڕاوێژکاری یەکەمی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بەو هەماهەنگییەى حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ یونیتاد. جۆریس هیرێن ڕایگەیاند "حکومەتی هەرێم هەنگاوی باشی ناوە لە دەستنشانکردن و بە دجیتاڵکردنی بەڵگەکانی تاوانەکانی جەنگ کە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە کراوە".

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم ستایشی ڕۆڵی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکانی بۆ تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کرد لە هەمبەر کارەکانی ئەندامانی تیمەکە و ڕایگەیاند "سەرکەوتنی کارەکانی یونیتاد وەک بەڵگەدارکردن و بەدیجیتاڵکردنی تاوانەکانی تیرۆرستان، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە حکومەتی هەرێم نموونەیەکی سەرکەتووە و دامەزراوەیەکی گونجاوە بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەی لایەنە نێودەوڵەتییەکان و هەماهەنگیکردن لەگەڵیان".

ڕاوێژکاری یەکەمی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "یەکێتیی ئەورووپا بە هەمان شێوەی یونیتاد ئامادەیە بۆ هاریکاریکردنی حکومەتی هەرێم لە بارەی سەرخستنی ئامانجەکانی یونیتادەوە کە بریتین لە دەستنیشانکردن و نەخشەکێشان و بە دیجیتاڵردن و پاراستنی بەڵگەکانی تاوانەکانی جەنگی و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و جینۆساد کە لە لایەن داعشەوە کراون".

لەم بارەیەوە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان داوای لە شاندی ناوبراو کرد بە شێوازێکی کارا کار بکەن بۆ دامەزراندنی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لە هەولێر، ئەمەش بەو پێیەی کە وەک حکومەتی هەرێم توانایەکی باشی دادگەرییان لەبەر دەستدایە وەک کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردنی تاوانەکان و میکانیزمی دادگاییکردن و دادوەری لێهاتوو کە ڕاهێنانیان پێ کراوە لە بارەی دادگاییکردنی نێودەوڵەتییەوە.

لە کۆتاییدا هەردوولا گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان بەرز نرخاند بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ دادگاییکردی ئەو تیرۆرستانەی تاوانی جەنگیان کردووە.