Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ شاندێکی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کۆبووەوە

نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە هەولێر کرد کە  پێکهاتبوو لە ئانا هالفۆرد، سەرۆکی نووسینگەی ڕێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتیی لە هەولێر و ئیلاریا ڤێراتی، جێگری ڕێکخەری پاراستنەکانی ڕێکخراوەکە.
 لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە هاوئاهانگی و هاریکارییەکانی نێوان هەردوولا بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا کرا و جەخت لەسەر ئەو بابەتانە کرایەوە کە تایبەتن بە یاسای پاراستنی منداڵان، بارودۆخی دەستگیرکراوەکان و پرسی خێزانە ونبووەکان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سوپاسی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی کرد و هەوڵەکانی ڕێکخراوەکەی بە گرنگ ناو برد و باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی ڕەشنووسی یاسای پاراستنی منداڵان کرد و ڕایگەیاند لە دوا هەنگاوی دەرچوونی یاساکە لە دان.

ئانا هالفۆرد، سەرۆکی نووسینگەی ڕێکخراوی خاچی سوری نێودەوڵەتی ئەو بەرەوپێشچونەی بە دڵخۆشکەر زانی و باسیشی لە یاسا پەیوەندییدارەکان کرد تایبەت بە گرتووخانەکان و ئامادەی خاچی سووری نێودەوڵەتیی نیشاندا بۆ ئەوەی بەشداری بێت لە پێداچوونەوەی ڕەشنووسی یاسا پەیوەندییدارەکان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان  باسیشی لە پڕۆژە یاسای چاکسازیی کرد کە زۆرێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات وەک خزمەتگوزارییەکان، و باشتر کردنی بارودۆخی گشتی لە چاکسازییەکان و ئاماژەی بەوەشدا کە لە ڕووی لۆجستیشەوە هەنگاوی باش نراوە بە تایبەتی بۆ درووستکردنی باڵەخانەی نوێ وە نەهێشتنی چڕیی چاکسازییەکان و لەم دواییەدا ڕێکاری نوێ دەرکراون بۆ مەبەستی مامڵەکردن لەگەڵ زیندانییان و ڕەوشی مانەوەیان لە چاکسازیەکاندا.