ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر کرد
د. ديندار زيبارى، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازیی کرد لە نەزمی حزووری، کونسوڵی گشتیی فەڵەستین لە هەولێر. لە میانەی کۆبوونەوەکەدا چەند پرسێکی پەیوەست بە پەیوەندیی نوێنەرایەتیی وڵاتانی عەرەبی لە هەرێمی کوردستان و زیاتر گرنگیدان بە کولتووری یەکدی و ڕەوشی هاووڵاتییانی فەڵەستینی لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان تاووتوێ کران.
سەرەتا کونسوڵی فەڵەستین باس له گرنگیی پەیوەندییەکانی نوێنەرایەتیی فەڵەستینی و دەوڵەتە عەرەبییەکانی دیکەی کەنداو و ناوچەکە كرد لەگەڵ هەرێمی کوردستان و باسی لەوەش کرد لە ئێستادا بەراورد بە ڕابردوو تا ڕاددەیەکی زۆر پەیوەندیی وڵاتانی عەرەبی و نوێنەرایەتییەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش چووە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند "حکومەتی هەرێم هانی بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی حکومەتی هەرێم دەدات لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و بەردەوامە لەسەر گرنگیدان بە ڕەوشی ئاوارەکان و برەو دەدات بە باشکردنی کەمپی ئاوارەکان و پەرەدان بە خزمەتگوزارییەکانیان".
پاشان کونسوڵی گشتیی فەڵەستین باسی لە هاووڵاتییانی فەڵەستینی کرد لە هەرێمی کوردستان و سوپاسگوزاریی خۆیان گەیاندە حکومەتی هەرێم بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ زامنکردنی ژیانی ئەو هاووڵاتییانە.
هەروەها کونسوڵی فەڵەستین باسی لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندیی ڕۆشنبیریی نێوان وڵاتانی عەرەبی و هەرێم کرد و ڕایگەیاند "لە ئێشتادا پێویستیسان بەوەیە ناوەندی ڕۆشنبیریی زیاتر بکەنەوە، تا بتوانن لێکتێگەیشتن و ئاشنابوون بە کولتووری یەکدی پتەو بکەن".