Skip to the content

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان

رۆژی سێشەممە ٧ی ئاداری ٢٠٢٣، د. دیندار زێباری، رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتی مێزگردێکی سەبارەت بە (مافی ژیان لە ژینگەیەکی خاوێندا) لە چوارچێوەی ڕاسپاردەکان پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ کرد.

لە مێزگردەکەدا کە بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی ئەنجامدرا،  عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی چاککردن و پاراستنی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان، وەزارەت و دامو دەزگا پەیوەندیدارەکان و رێکخراوەکان ئامادەبوون.

لە وتەیەکدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر گرنگی پاراستنی ژینگە و ئەو ڕاسپاردانەی لەو بارەوە ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراون و رایگەیاند:''لە میانەی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان ١٢ ڕاسپاردە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کراون سەبارەت بە مافی ژیان لە ژینگەیەکی خاوێندا، ولە ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەک لەو ڕاسپاردانەی جێبەجێکراون لە هەرێمی کوردستان لەوانە یاسای پاراستن و چاککردنی ژینگە ژمارە (٨)ی ساڵی 2008، هەروەها بەشێک لە ڕاسپاردەکان لە پرۆسەی جێبەجێکردندان، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە لە هەماهەنگی و پەیوەندیداین لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ دانانی میکانیزم و ڕێکاری گونجاو بۆ جێبەجێکردنیان.''

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە پاشماوەکانی جەنگیش کرد و وتی:''بە هۆی هێرشی تیرۆریستانی داعش و ئەو شەڕانەی لەسەر خاکی کوردستان ئەنجامدراون، بە هەزاران مین و تەقەمەنی کوردستان چێندراون ئەمەش مەترسییەکی زۆری بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان و ژینگەی کوردستان درووست کردووە، لە ساڵانی رابردووە دەزگای کاروباری مین ژمارەیەکی زۆر کێڵگە بە مین چێندراوەکانی پاک کردۆتەوە و لەو رووەوە قوربانیشیانداوە''.

دواتر عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستنی و چاککردنی ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان باسی لە هەوڵەکانی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم کرد بۆ پاراستنی ژینگە و چەند داتا و ئامارێکی خستەڕوو، هەروەها ئاماژەی بە تەحەیاتەکانی بەردەم حکومەت کرد لە پاراستنی ژینگەی کوردستان.