Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان داوای هاریکاریی زیاتر لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ناوچە جێناکۆکەکان دەکات

لە ڕێکەوتی ١٥ی ئاداری ٢٠٢٣، لە چوارچێوەی درێژەدان بە هەوڵەکان بۆ پێشخستنی پلانی هەرێمی، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە شاندێکی ئەمنستی کرد.

شاندەکە ڕایان گەیاند: "بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی عێراق، مافەکانی ژنان لە هەرێم لە ئاستێکی زۆر باشدایە. بەڵام پێی وایە هێشتا دەبێت هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ کەمترکردنەوەی ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان و باشترکردنی شێڵتەرەکانی مانەوەی ژنانی قوربانی توندوتیژیی خێزانی. پاشان سوپاسی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی کرد بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی لەبارەی بەرەوپێشبردن و چاودێریکردنی پڕۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانی هەرێمییەوە.

دواتر ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان باسی لە پلانی هەرێمی کرد و ڕای گەیاند: " ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمیدان، بۆ ئەم مەبەستە پێویستییان بە هاوکاریی نێودەوڵەتی و هەماهەنگیی زیاتری کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە. پاشان باسی لە ئاستەنەکانی بەردەم حکومەتی هەرێمی کرد، ناوچە جێناکۆکەکان و ناجێگیریی ئاسایش و ئارامی لەو ناوچانە چەند دژوارییەکن کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمە". 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان داوای لە ڕێکخراوی ئەمنستی کرد چالاکییەکانی خۆیان لە ناوچە جێناکۆکەکان زیاتر بکەن. لە کۆتاییی کۆبوونەوەکەدا باس لە سەربەخۆیی دادگاکان کرا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "دادگاکانی هەرێم کراوەن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕۆژنامەنووسان دەتوانن ئامادەی دادگاییکردنەکان بن".