Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕاوێژکاری تایبەتیی سكرتێری گشتیی UN هەماهەنگیی نێوانیان تاووتوێ کرد

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم و نوێنەری حکومەتی هەرێم بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد، پێشوازی لە کریستین ڕیتسچێر، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) کرد.

لە دیدارێکدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕۆشنایی خستە سەر هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێم و یونیتاد لە بوارە هاوبەشەکان، لەوانە بنیاتنانی تواناکانی دادوەران، ئەرشیفکردنی بەڵگەکان و بنیاتنانی کەیسەکان لە چوارچێوەی سیستەمێکی بەهێزی هاوبەشدا.

ئەوەشی ئاشکرا کرد لە دوای دەستبەکاربوونی یونیتاد، حکومەتی هەرێم و خودی سەرۆکی حکومەت  پشتگیریی تەواو لە تیمی یونیتاد لە ئەرکەکەی دەکات، لەو چوارچێوەیەدا پێشکەوتنی باش بەدی هاتووە، بەتایبەتی لە پڕۆسەی ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاریی نێوان هەردوولا هەنگاوی زۆری بڕیوە و پڕۆسەکەش بەردەوامی هەیە.

نوێنەری حکومەتی هەرێم جەختی لە گرنگیی ئاڵوگۆڕی زانیاری و پتەوکردنی پەیوەندیی حکومەتی هەرێم لەگەڵ بەغدا لەڕووی هەماهەنگی لە بڵاوکردنەوەی زانیاری بە پشتبەستن بە ڕۆڵی ڕاوێژکاری یونیتاد کردەوە، ئەوەشی ڕاگەیاند: "لەو چالاکییانەی لە دەرەوە و ناوەوەی عێراقدا ئەنجام دەدرێن، لە چوارچێوەی لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانیی عێراقی بۆ هەمانگیکردن لەگەڵ یونیتاد (NCC)، پێویسته حکومەتی هەرێم بەشداریی کارای تێدا هەبێت، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆری قوربانیانی دەستی داعش و کەسوکاریان لە هەرێمی کوردستان ئاوارەن و حکومەتی هەرێم هاوکارییان دەکات و هەوڵەکانی ڕزگارکردنی ڕفێندرا‌وان بەردەوامن. لەلایەکی ترەوە گرنگە هاوشانی هەماهەنگی و پاڵپشتیی پسپۆڕ و شارەزایانی نیشتمانی لەگەڵ تیمەکانی یونیتاد، هەرێمیش بەشدار بێت لە پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکان و ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان لە گشت بوارەکانی تایبەت بە ئەرکی یونیتاد.  

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، نوێنەری حکومەتی هەرێم پێشنیاری ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نێوان سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی فیدراڵی کرد بۆ مەبەستی بەدواداچوون بە  هەوڵە یاساییەکان، بۆ ئەوەی پەلە بکرێت لە جێگیرکردنی هەرسێ تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید لە یاسا ناوخۆییەکاندا، چونکە پتەوکردنی هەماهەنگی لەنێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بواری یاسایی، دەبێتە هۆی خێراترکردنی پڕۆسەی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش.

 کریستن ڕیتسچێر ڕایگەیاند، "هەماهەنگییان لەگەڵ لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمان بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ یونیتاد (NCC) بەردەوامە و لەم ڕووەوە پلانیان هەیە، لە پڕۆسەی بونیاتنانی توانای دادوەران لە هەرێم و بەغدا لە ڕێگای وۆرکشۆپ و خولی مەشق بەردەوامە کە ئامانج لێیان بەهێزکردنی توانای دادوەرانە بۆ باشتر تێگەیشتن و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە و دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر ئەو تاوانە نێودەوڵەتییانەی کە ئەنجامیان داوە.

لە کۆتاییی کۆبوونەوەکە، هەردوو لا بڕیاری پەرلەمانی ئەڵمانیایان بەرز نرخاند لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش کە پاڵپشتییەک دەبێت بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان.