Skip to the content

لە کۆی نۆزدە ڕاسپاردەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مافی پێکهاتەکان چواردەیان جێبەجێ کراون

ڕۆژی یەکشەممە، ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٣، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە هاوکاریی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر و ڕێکخراوی دیدار، کۆنفرانسێکی بە ناونیشانی پاراستنی کولتوور و ڕۆڵی یاسای ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ لە پاراستنی کولتووری پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ساز کرد.

لە کۆنفرانسەکەدا کە هەریەکە لە د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان ئامادەى بوون، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ڕەوشی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان لە هەرێم و ڕۆڵی حکومەتی هەرێمی لە پاراستنی مافەکانیان.

لە وتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سۆنگەی پاراستن و پتەوکردنی مافی پێکهاتەکان، گرنگی بە چەند پرسێک دەدات و لە پێشینەی کارەکانی داناوە، ئەوانیش بریتین لە پاراستنی بوون، پاراستنی ناسنامە، نەبوونی جیاکاری و یەکسانی لە بەشداریی کارا لە پڕۆسەی سیاسی؛ ئەمانە بنەمای سەرەکیی کاری حکومەتی هەرێمن، لەم ڕووەوە چەندین یاسا دەرچووە؛ لەوانە بڕیارنامە (لائیحەى)ی مافی نەتەوە و ئایین و مەزهەبە ئایينیەکان، ياسای زمانە فەرمییەکان، یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان، بە ڕەسمیناساندنی جەژن و بۆنەی پێکهاتەکان."

سەبارەت بە بەشداریی پێکهاتەکان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: "جگە لەم یاسایانە، حکومەتی هەرێمی هەنگاوی زۆری ناوە، لەوانە گۆڕینی ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و گرنگیدان بە لایەنی پەروەردەیی و کولتووریی پێکهاتەکان."

"لە بارەی بەشداری سیاسییش، سیستمی کۆتای پێکهاتەکان لە پەرلەمان پەیڕەو دەکرێت و نوێنەری خۆیان هەیە، لە حکومەتی هەرێم وەزيرى تایبەت بە پێکهاتەکان هەیە، سکرتێری پەرلەمان لە پێکهاتەی تورکمانە، نوێنەرایەتیی کاروباری ئایینەکان و بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیان لە وەزارەتی ئەوقاف هەیە، هەروەها حکومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە بۆ پێشوازیکردن لە ئاوارەکان و ڕزگارکردنی ڕفێندراوە ئێزیدییەکان."

دواتر ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و گوتی: یەکێکە لە بابەتە گرنگەکانی نێو پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بریتییە لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان و لە کۆی ١٩ ڕاسپاردەی نێودەوڵەتی کە ئاراستەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی سەبارەت بە مافی پێکهاتەکان کراون، ١٤ ڕاسپاردە جێبەجێ کراون و ئەوانی تریش جێبەجێ دەکرێن.