Skip to the content

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمیسیونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی بە هەند وەردەگرین و ئەوەی لە توانای هەرێمدایە کردوویەتی

رۆژی ٢ی ئایاری ٢٠٢٣ کۆمیسیونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی (USCIRF) ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە مافی ئازادی ئایینی لە جیهان بڵاوکردەوە. ڕاپۆرتەکە هەڵسەنگاندنێکی سەرتاسەری بۆ دۆخی پێکهاتە ئایینیەکان لە هەرێمی کوردستان کردووە و تیشکی خستۆتە سەر چەند بابەتێک لەوانە جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنە شنگال، نەگەڕانەوەی ئاوارەکان، سیستمی کۆتای نوێنەرایەتی پێکهاتەکان، کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان و تێکدانی شوێنەواری ئایینی پێکهاتەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان.

نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە بارەی ئەو تەوەرانەی کە لە راپۆرتی کۆمیسۆنی ناوبراو ئاماژەیان پێکراوە بەدواداچوونی خۆی بڵاوکردەوە:

راپۆرتی ساڵانەی کۆمیسیونی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئازادیی ئایینی نێودەوڵەتی بە هەند وەردەگرین، بەڵام حەق وابوو کۆمیسیۆنی نابراو ئاماژەی بەوە کردبا کە ئەوەی لە توانای هەرێم دایە کردوویەتی. دەزانین کەمە بەڵام کەستان هاوکاری و یارمەتی ئێمەتان نەداوە. فەرموون مادام ناڕازین و هەست بە کەمتەرخەمی دەکەن، هاوکاری پێشکەش بکەن با ئێمەش سوپاستان بکەین.

سەبارەت بە رەوشی پێكهاتە ئایینییەكان حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کردووە لە پاش هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ ئەو ناوچانەی کە بەشی هەرە زۆریان لە پێكهاتە ئایینیەكان بوون و هەرێمیان بە نەوایەكی ئارام و نموونەیی زانیوە كە تیێدا بتوانن بە ئازادی ژیان بەسەر بەرن.

سەبارەت بە رەوشی شنگال رۆژی ١٠ی تشرینی یەکەمی٢٠٢٠ بە سەرپەرشتی جنین بلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ رێککەوتننامەی شنگال واژوو کرا کە سێ تەوەری سەرەکی لەخۆ دەگرێت ئەوانیش: ئەمنی، کارگێڕی و ئاوەدانکردنەوە.

بەپێی رێککەوتننامەکە ئیدارەیەکی نوێ دیاری دەکرێت، تەنھا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی قەزاکە لە ئەستۆ دەگرن و ھەموو گرووپە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری سنجار دوور دەخرێنەوە. لەلایەکی دیکەوە دوو ھەزار کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا دادەمەزرێن، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە شنگال و ناوچەکانی دەورووبەریدا دوور دەخرێتەوە، هەروەها لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێک دەهێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و وردەکارییەکانی ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دیاری دەکرێت.

لە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش هاووڵاتیانی ناوچە جێناكۆكەكان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە، چەندین جار حکومەتی هەرێم داوای كردووە كە پێویستە ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی شنگال لە ململانێ سیاسییەکان دوور بخرێتەوە. هەروەها ئەو هێزە چەکداریانەی کە لە خەڵکی ناوچەکە پێکنەهاتوون دەسەڵاتیان نەمێنێت و دووربخرێنەوە بۆ ئەوەی سیمای عەسكەرتاری لە ناوچەكە بنبڕ بكرێت، ئەمەش بە گەڕانەوەی دام ودەزگا شەرعی و هەڵبژێردراوەكانی شەنگال دەبێت بۆ دەست پێكردنەوەی ژیانی ئاسایی خۆیان كارەكانیان لە هەمان کاتدا خزمەتگوزاری پێویست بۆ خەڵكی ئەو شارە و دەورووبەری دابین بکرێت، بەڵام تا ئێستا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە.

نەگەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال بۆتە هۆی درووستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی و ئیداری و کۆسپێکی گەورەی درووستکردووە لەبەردەم ئاوەدان کردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکەی ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری هاووڵاتیانی لێکەوتۆتەوە بە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و كاریگەرییەكی زۆری بەسەر هاووڵاتییانی شنگال هەیە لە هەمان كاتدا هۆكارێكە بۆ نەگەڕانەوەی زۆربەی ئێزیدییەكان بۆ سەر زێدی خۆیان.

سەرەڕای ئەنجامدانی چەندین کۆبوونەوە لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەڵام تا ئێستا رێککەوتننامەکە نەکەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە لەلایەن حکومەتی فیدرالەوە ئەمەش وایکردووە کە جموجۆڵی تیرۆریستان و شانە نووستووەکانیان لەو ناوچەیەدا زیاتر بێت و سەدان هاووڵاتی بوونەتە قوربانی.

لە ساڵانی رابردوو و تا ئێستاش ئاوارە و پەنابەران بارگرانییەکی زۆریان لەسەر حکومەتی هەرێم درووستکردووە، چونکە نزیکەی (٧٠%)ی پێداویستیەکانیان دابین دەکات لە کاتێکدا ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە خێرخوازییەکان (٢٥%) و وڵاتانی کۆمەک بەخش تەنیا (٥%) پێداویستیەکانی تریان دابین دەکەن، سەرەڕای ئەمەش حکومەتی هەرێم سیاسەتی گەڕانەوەی ئازادانەی ئاوارەکان پەیڕەو دەکات و یارمەتیدەرە بۆ گەڕانەوەیان، بەڵام هۆکاری نەگەڕانەوەیان بۆ نەبوونی سەقامگیری و خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و بوونی مەترسی ئەمنی دەگەڕێتەوە، لەلایەکی دیکەوە بوونی گرووپی چەکداری بیانی لە شنگال وایکردووە کە زۆر جار ئەم ناوچەیە رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و بۆمبارانی وڵاتانی هەرێمی ببێتەوە.

بەشێوەیەکی گشتی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022 تا مانگی شوباتی ئەم ساڵ (558) ئاوارە و پەنابەران گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان لە بەرامبەردا بە (650) یان دووبارە گەڕاونەتەوە نێو کەمپەکان.

سیستمی کۆتای پێکهاتەکان یەکێکە لەو بابەتانەی کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە، ئاشکرایە کە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بەشدارییەکی کارایان لە ژیانی سیاسیدا هەیە، لە ساڵی 2005 ژمارەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان زیادکرا بۆ (١١) کورسی بەم شێوەیە: ( ٥) کورسی بۆ تورکمان و (٥) کورسی بۆ کلدان، ئاشوری و سریان و (١) کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، پێکهاتەکان ئازادن لە هەڵبژاردنی نوێنەرانیان ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی حکومەتی هەرێمە بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین، هەروەها پێکهاتەکان ئازادن لە دیاری کردنی شێوازی هەڵبژاردنی نوێنەرانیان، لەلایەکی دیکەوە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەزیرێک لە پێکهاتەی کریستیان، هەروەها وەزیرێک بۆ کاروباری پێکهاتەکانە و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان لە پێکهاتەی تورکمانە.

لە بواری کەلتووری و پەروەردەدا حکومەتی هەرێم گرنگییەکی زۆری بە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان داوە، ژمارەیەک لە قوتابخانەکان بە زمانی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکان لە هەرێم کراونەتەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانیان بۆ نموونە (49) قوتابخانەی بە زمانی سریانی لە هەرێم هەن، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی گشتی خوێندنی سریانیش لە وەزارەتی پەروەردە هەیە.

بەڵام بە هۆی تێچووی شەڕی داعش، حەواندنەوەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر و بڕینی بەشە بودجەی هەرێم لەلایەن حکومەتی فیدرالەوە لە ساڵی 2014 ەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بارودۆخێکی سەختی ئابووری بۆوە و بودجەی پێویستی نەبووە کە لەو بوارەدا هەنگاوی زیاتر بهاوێژرێت ئەمەش وایکرد کە نەتوانێت ئەو بەرنامەی کە لە بەردەستی دایە لەو بارەدا پەرەی زیاتری پێ بدرێت.

سەبارەت بە کێشەی زەوی و زاری کریستیانەکان بە فەرمانى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە ٤٧١٤ لە رێکەوتى ٢٧/٣/٢٠٢٢ لیژنەى چارەسەرى کێشەى زەوى و زارى کریستیانەکان بەرفراوانتر کرا بۆ ئەوەی هەوڵەکانى حکومەت بۆ چارەسەرى گرفتەکان چڕتر بکرێن، لە هەمان کاتیشدا کەناڵێکى راستەوخۆ لە نێوان هەرێم و ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان هەبێت سەبارەت بەم بابەتە و راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئیشى جددى لەسەر بکرێت تاوەکو هەرێم هەمیشە نموونەیەکی سەرکەوتوو بێت لە پاراستن و بەیەکەوە ژیانى پێکهاتەکان.