ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان: پەسەند كردنی یاسای كار دەستكەوتێكی گرنگە
لە چوارچیوەی یاداشتی نێوان نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازی بارزانی، بۆ جێبەجێكردنی پلانی هەرێم بۆ مافەكانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥)، ئەمڕۆ دووشەممە ٨ی ئایاری ٢٠٢٣، مێزگردێك لە بارەی مافی کارکردن و بیمەی کۆمەڵایەتی ئەنجام درا.
لە مێزگردەکەدا موسا ئەحمەد، سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی و نوێنەرانی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆکایەتی هەرێم، ئەنجومەنی دادوەری، داواکاری گشتی، سەندیکای کرێکارانی کوردستان، ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی، ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەشدار بوون.
لە وتەیەکدا د.دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان تیشكی خستە سەر هەنگاوەكانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بوارەدا بەتایبەت لەبارەی پەسەندکردنی یاسای کار، ڕێکخستنی هێنانی کرێکاری بیانی، بیمەی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی هەلی کار بەپێی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتییانەی لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی کوردستان دا جێبەجێکراون.
د.دیندار زێباری رایگەیاند، مافی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتی بەشێكی گرنگی نێو پلانی هەرێمی كوردستانە بۆ مافەكانی مرۆڤ کە خۆشبەختانە سەرەڕای بارودۆخی هەرێم و تەحەدیاتەكان هەنگاوی زۆر هاوێژراوە بۆ پاراستنی مافی كرێكاران لە زۆر بواردا و پەسەندكردنی یاسای كاریش یەكێكە لە دەستكەوتەكانی كابینەی نۆیەم کە تا ئێستا كار بە یاساكانی تر دەكرا كە یاسای كۆن بوون و لەگەڵ ئەم سەردەمە گونجاو نەبوون، بۆیە هەوڵدراوە یاساكە لەگەڵ پێوەر و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە مافی كرێكاران بگونجێت.
لە بەشێكی دیكەی وتەكەیدا ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان تیشكی خستە سەر بوونی كرێكارانی بیانی و رایگەیاند:''هاتنی كرێكارانی بیانی بەپێی ڕێنمایی ڕێكخراوە و لە دوای ساڵی ٢٠٠٨، تا ئێستا زیاتر لە ٨٠ هەزار كرێكار كە زۆربەیان كرێكاری ماڵن لە لایەن وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتییەوە تۆمار كراون و بە شێوەیەكی یاسایی هاتوونەتە ناو هەرێمی كوردستان و هەمان مافی كرێكارانی ناوخۆییان هەیە.''
د.دیندار زێباری ئاماژەشی بەوەدا کە سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆیی و دەیان هەزار پەنابەر لە رەگەزنامە جۆراوجۆرەكان لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن سەرەڕای ئەمانە بە دەیان كرێكاری دیكە بە شێوازی كاتی دێنە هەرێمی كوردستان و تۆمار نەكراون، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵی داوە كێشە و گرفتی ئەم هەموو كرێكارانە چارەسەر بكات.
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتیشی:'' كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان چەندین كاری دیكەی ئەنجامداوە بۆ دابینكردنی هەلی كار و پاراستنی مافی كرێكاران لەوانە دانانی ١٢ پشكێنەر و دەستەبەركردنی هەزاران كەس كە پێشتر ژمارەكە زۆر كەم بوو. هەروەها بڕیار دراوە لە پرۆژەكاندا ٧٥%ی دەستی كار كرێكاری خۆماڵی بن ئەمەش ڕۆڵی دەبێت لە كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری، جوڵاندنی چەندین كەیسی تایبەت بە سكاڵای كرێكاران.''
د.دیندار زێباری ئاماژەشی بەوەدا کە ئێستا پرۆژە یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی قۆناغی زۆری بڕیوە و پێشبینی دەکرێت ئەو یاسایەش لە كاتێكی زوودا پەسەند بكرێت كە دەتوانرێت بوترێت تەواوكەری یاسای كار دەبێت.