Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دەسەڵاتی دادوەری لە کوردستان سەربەخۆیە

ڕۆژی ٤ی ئایاری ٢٠٢٣، ڕێکخراوی فریاکەوتنی میللی (پاو)، ڕێکخراوی هاریکاریی گەلی نەرویجی و ڕێکخراوی لێکۆڵەر بۆ سەروەریی یاسا، کۆنفرانسێکیان بۆ برەودان بە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و باشترکردنی بارودۆخی ڕاگیراوان و نەهێشتنی ئەشکەنجەدان ساز کرد.

لەم کۆنفرانسەدا کە بە پاڵپشتیی یەکێتیی ئەورووپا بەڕێوە چوو، د. دیندار زێباری، رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، نوێنەرانی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی و پەرلەمانی عێراق، بەرپرسی مافی مرۆڤ لە یۆنامی، دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم و عێراق و ژمارەیەک پەرلەمانتار و دادوەر و لایەنی پەیوندیدار ئامادە بوون.

لە کۆنفرانسەکەدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتەیەکی پێشکەش کردن و تێیدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانى حکومەتی هەرێم لەو سێ تەوەرەی لە چوارچێوەی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ، حکومەتی هەرێم گرنگی بە پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەدات بە شێوەیەکی گشتی، ئەوەشی خستە ڕوو کە لەم ساڵانەی دواییدا، حکومەتی هەرێم ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی زۆر بووەوە؛ سەرەڕای ئەمەش هەنگاوی جددی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی خۆی لە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ ناوە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ڕوون کردەوە کە جگە لە دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی و ڕێساکان بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ئەنجوومەنی وەزیران پلانی هەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) پەسەند کرد، کە بە ڕاوێژ لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کونسوڵگەرییەکان داڕێژراوە و نەخشەڕێگایەکە بۆ پەرەپێدانی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانەی کە لە ڕێگەی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر (UPR) و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە خراونەتە ڕوو. لە کۆی ئەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتییانەی ئاڕاستەی کراون، لەو بوارەدا بەشێکیان جێبەجێ کراون و بەشەکەی تریش ئێستا کار بۆ جێبەجێکردنیان دەکرێت.

سەبارەت بە سەربەخۆییی دادگاکانیش گوتی: پێشینه‌ی كاری هێڵی گشتیی به‌رنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم بریتییه‌ له‌ هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی سه‌روه‌ریی یاسا و ڕێزگرتن له‌ سه‌ربه‌خۆییی دادگا، و پاراستنی دادگا له‌ ده‌ستتێوه‌ردان. دەسەڵاتی دادوەری دەسەڵاتێکی سەربەخۆیە، هەروەها سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوە کە ژماریان چوار سەرۆکایەتییە و سەر بە ئەنجومەنی دادوەرین، سەربەخۆن لە بریارەکانیان.

دیندار زێباری لە بارەی مافی ڕاگیراوان گوتی: تاوانبار و تۆمەتباران بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان مافیان هەیە؛ دیارترینیان دابینکردنی پارێزەرە و لەم ڕووەوە لە سێ ساڵی ڕابردوودا، بڕی یەک ملیار و حەوتسەد ملیۆن دینار تەرخان کراوە بۆ پارێزەران. هه‌ر كه‌سێك ده‌ستگیر ده‌كرێت، به‌پێی بڕیاری دادوه‌ر ڕه‌وانه‌ی گرتن و گواستنه‌وه‌ ده‌كرێت و ڕاده‌گیرێت.‌ ڕێساکانی دەستبەسەرکردن و زیندانەکان ژمارە (١) لە ساڵی ٢٠٠٨ کاریان پێ دەکرێت، کە تێیدا کۆمەڵێک ماف بۆ زیندانییەکان چەسپێنران؛ گرنگترینیان بریتین لە خوێندن، سەردان، چاودێریی تەندروستی، مۆڵەتی سەردانی ماڵەوە؛ هەفتانە کەسوکاریان سەردانیان دەکەن، بە هەمان شێوە لە ڕێگاى مۆبایلەوە پەیوەندى بە کەسوکاریانەوە دەکەن، هەروەها ئاژانسەکانی UN، ڕێکخراوەکان دەستەی سەربەخۆی مافى مرۆڤ و لیژنەکانی پەرلەمان، سەردانی چاکسازییەکان دەکەن بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ سزادراوان.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەدان، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان گوتی: داواکاری گشتی ئەرکی لێکۆڵینەوەی لە ئەشکەنجەدان پێ سپێردراوە، لەگەڵ ئەو کارمەندانەی کە بەشدارن لە ئەنجامدانی ئەشکەنجەدان یان ئاسانکاری بۆ دەکەن، لەم ڕووەوە (١٠) حاڵەتی تۆمەتی ئەشکەنجەدان گواسترانەوە و ڕێوشوێنی یاسایی گیراوەتەبەر، لەوانەش قەرەبووکردنەوەی چوار کەس کە بۆ ماوەیەکی زۆر ڕاگیرابوون، پێش ئەوەی ڕێکاری یاسایی لەگەڵیان دەست پێ بکات، و لە ساڵی ٢٠٢١دا ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر چوار کارمەندی جێبەجێکردنی یاسا گیراوەتە بەر بە هۆی بەکارهێنانی توندوتیژی لە مامەڵەکردن لەگەڵ زیندانییەکان؛ سزاکانیش بریتی بوونە لە ئاگادارکردنەوە، بێبەشکردنیان لە دەرماڵە بۆ ماوەی سێ مانگ، و گواستنەوەیان بۆ شوێنەکانی تر.

لە کۆتاییی گوتەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی، وێڕای ئەوەی کە پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم پێویستیی بە هاوکاریی هەمەلایەنە هەیە بۆ سەرخستنی پلانەکە، بۆ ئەوەی بتوانرێت پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکانی جێبەجێ بکات؛ بەتایبەتی تەوەرەکانی برەودان بە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە، باشترکردنی بارودۆخی ڕاگیراوان و نەهێشتنی ئەشکەنجەدان.