د.دیندار زێباری: ئوردن یەکێکە لەو وڵاتانەی کە پێویستە سوود لە ئەزموونیان وەربگیرێت لە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان
رۆژی دووشەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، د.دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، سەردانی کونسوڵخانەی گشتی شانشینی ئوردنی لە هەولێر کرد و لەلایەن فوئاد ئەلمەجالی، کونسوڵی گشتییەوە پێشوازیی لێکرا.
لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم لە پاراستن و برەودان بە پرسی ئازادییە گشتییەکان، پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاوارە و پەنابەران و پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە بابەتی شەفافیەت، نەهێشتنی گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەدات و هەوڵ دەدات بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکان ئیلیتزاماتەکانی خۆی جێبەجێ بکات. بۆ ئەم مەبەستەش پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤی پەسەند کردووە، کە پلانێکی گشتگیرە و راسپاردەکانی رێککەوتننامەکانی مافی مرۆڤ، پانۆرامای خولی گشتگیر و لیژنەی مافی مرۆڤ لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لەخۆ دەگرێت و لە ئێستادا کەوتۆتە بواری جێبەجێکردنەوە.
د. دیندار زێباری راشیگەیاند: ''لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، حکومەتی هەرێم هەنگاوی باشی هەڵگرتووە و مانگی رابردووش کۆنفرانسێکی تایبەتمان بەو پرسەی ئەنجامدا، ئەوەش لە پێناو دانانی میکانیزمی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و چۆنیەتی سوود وەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتان و هاوکاری کردنی حکومەتی هەرێم لەرووی دانانی هەرێم لەسەر نەخشەی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان و بەشداری پێکردنی لە کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییەکان''.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشدا کە وڵاتی ئوردن یەکێکە لەو وڵاتانەی کە شارەزاییەکی زۆری لەو بوارەدا هەیە، بۆیە گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان سوود لە ئەزموونی ئوردن وەربگرێت بەتایبەتی لەسەر ئاستی یاسایی، مەشق و راهێنانی کارمەندانی دەزگا ئەمنییەکان، دانانی سەنتەرەکانی شیاندنەوەی ئالوودەبووان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و پسپۆری.
لەلایەن خۆیەوە کونسوڵی گشتی ئوردن، ستایشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە بواری پاراستن و بەرگری کردن لە مافەکانی مرۆڤ و پێشوازی کردن لە ئاوارە و پەنابەران و رایگەیاند: ''حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر بەرگری کردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکات و هەنگاوەکانی لەو بوارەدا بە گشتی و بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان مایەی خۆشحاڵین.''
سەبارەت بە پرسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان فوئاد ئەلمەجالی رایگەیاند: ''ئوردن یەکێکە لەو وڵاتانەی رووبەڕووی شەڕێکی بێهودە بۆتەوە لەگەڵ ئەو میلیشیا و چەکدارانەی کە هەوڵ دەدەن بە قاچاغ ماددەی هۆشبەر بهێننە نێو خاکی ئوردن، بۆیە ئوردن ئەزموونێکی زۆری لەو بوارەدا هەیە و ئامادەین هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین و ئەزموونی خۆمان بهێنینە هەرێم لە بارەی رەوشی چاکسازییەکان، لایەنی یاسایی، دووبارە شیاندنەوەی ئالوودەبووان و ئاڵوگۆڕی زانیاری.''