د.دیندار زێباری پێشوازی لە سەرۆکى تیمى لێکۆڵینەوەى (UN) بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانى داعش کرد
رۆژی پێنجشەممە ٢ی تشرینى دووەمى ٢٠٢٣، د.دیندار زێباری، ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازى لە کریسچن ڕیتشەر، ڕاوێژکارى تایبەت و سەرۆکى تیمى لێکۆڵینەوەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانى داعش (یونیتاد) کرد.
لە دیدارێکدا ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ستایشى ڕۆڵى تیمەکەى کرد لە هاریکارى و هەماهەنگییان لەگەڵ حکومەتى هەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوودا.
سەبارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی ژمارە (٢٦٩٧) تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی یونیتاد تەنیا بۆ یەک ساڵ د.دیندار زێباری راشیگەیاند: ''دانانی نەخشە رێگایەک بۆ تەواوکردنی ئەرکی یونیتاد لە ساڵی داهاتوودا پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاریی هەیە لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، چونکە ئەرکەکە تەنیا لەسەر ئاستی تەکنیکی نییە، بەڵکو رەهەندی تری نێوخۆیی و نێودەوڵەتی هەیە.''
سەبارەت بە بابەتی رادەستکردنی بەڵگەنامەکان رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەدا کە چەند تیمێکی هونەری دادەمەزرێت لە بەغدا و هەولێر تیمەکانیش بریتین لە تیمی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە یاسای دادگەری بۆ وەرگرتن و شیکردنەوەی بەڵگەنامەکان، ئەم تیمە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێکدەهێنرێت. هەروەها تیمی لێکۆڵینەوەی تایبەت بە پزیشکی دادیی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادی و گۆڕە بەکۆمەڵەکان و تیمی ئەرشیفکردن و بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکان بۆ ئیدارەدانی کەیسەکان بەشێوەی ئەلیکترونی و لە هەرێمی کوردستانیش بە سەرپەرشتی نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سێ تیمی هاوشێوە پێکدەهێنرێن بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان.
هاوکات ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکى خستە سەر هەوڵەکانى حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەدەستهێنانى دادپەروەرى بۆ قوربانییانى تاوانەکانى داعش و دادگاییکردنى تۆمەتباران بە تۆمەتى ئەنجامدانى تاوانە نێودەوڵەتییەکان لەوانەش تاوانى جەنگ، تاوان دژى مرۆڤایەتى و جینۆساید و ئاماژەی بەوەدا کە لەو رووەوە پێویستە لە دانانی هەر چوارچێوەیەکی یاسایی هەرێمی کوردستان بەشداری کارای هەبيت.
لەلایەن خۆیەوە ڕاوێژکارى تایبەت و سەرۆکى یونیتاد بە گرنگییەوە باسى لە پاڵپشتى و هەوڵەکانى حکومەتى هەرێم بۆ ئەرکى تیمەکە کرد و تیشکیشى خستەسەر بەردەوامیدان بە هەماهەنگیەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێم و ڕاگەیاند:''هێشتا یونیتاد کارێکى زۆر ماوە لە مەوداى لێکۆڵینەوەکانیان. ''