Skip to the content

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: کار دەکەین بۆ ئامادە کردنی راپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ

لە نووسینگەی رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ نوێنەری دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم بۆ جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی ئەنجامدرا دەربارەی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی دووەمی ئاستی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئاستی وەزارەت و دام و دەزگاکان بۆ ساڵی ٢٠٢٣.

لەم بوارەوە د. دیندار زێباری رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: لەم کۆبوونەوەیەدا ئاماژە بە چەند بوارێکی گرنگ درا لەوانە: دوایین داتا و زانیارییەکان ساڵی ٢٠٢٣ دەربارەی پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، یاسا و ڕێنمایی و ڕێکارەکانی پەیوەندیدار بە ڕاسپاردەکان و ئەو ئاڵەنگارییەکان کە بەربەستن لە پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە قۆناغەکانی جێبەجیکردنی پلانی هەرێمی وتی: تا ئێستا پێنج راپۆرتمان ئامادە کردووە بەم شێوەیە، لە ئەیلولی ٢٠٢١ (راپۆرتی پلانی کار) بۆ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ئامادەکران و کەوتە بواری جێبەجێکردن. لە حوزەیرانی ٢٠٢٢ (ڕاپۆرتی میکانیزمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ) ئامادەکرا و ڕاسپاردە جێبەجێکراو و جێبەجێنەکراوەکان دیاریکران و پێشنیاری پێویست پێشکەش کرا بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان. لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ (راپۆرتی ساڵی یەکەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ) پیشکەش بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران کرا لە بەرواری 15/1/2023 وبە کۆی دەنگ پەسەند کرا کە ڕیژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لەسەر ئاستی دەسەڵاتەکان دیاریکراوە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر وتی: لە مانگی ئایاری 2023 (راپۆرتی پۆلینکاری جێبەجێکردنی راسپاردەکان بەپێی دام و دەزگاکان) ئامادە کرا کە تێیدا رێژەی جێبەجێکردنی راسپاردەکان بەپێی دام و دەزگاکانی هەرێم بۆ سێ بەش پۆلین کران. دواتر راپۆرتی بەراوردکاری بۆ پڕۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانی هەرێمی بەپێی بابەتەکان ئامادە کراو لە سەرەتای پەسەندکردنی پلانەکە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢١ تا تەمموزی ٢٠٢٣. بەپێی ئەم راپۆرتە تا ساڵی ٢٠٢٢ لە کۆی (٤٠٠) ڕاسپاردە (١٣٩) ڕاسپاردە جێبەجێکراون، (٢٢٦) ڕاسپاردە جێبەجێنەکراون، (٣٥) ڕاسپاردە لە پرۆسەی جێبەجێکردن دابوون، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٣ ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان بەرزبوونەوە بۆ (١٧١) و ڕاسپاردە جێبەجێنەکراون کەم بوونەوە بۆ (١٢٧)، ئەو راسپاردانەی لە قۆناغی جێبەجێکردنیشدان گەیشتە (١٠٢).
د. دیندار زێباری هەروەها وتی: لە راپۆرتی پێنجەم دەرکەوت کە رێژەی جێبەجێکردنی راسپاردەکان بەم شێوەیە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە لە ساڵی 2022 راسپاردە جێبەجێکراوەکان (34.8%)، راسپاردە جێبەجێ نەکراوەکان (56.5%) ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان (8.8%). بەڵام لە ساڵی 2023 راسپاردە جێبەجێکراوەکان (42.8%)، راسپاردە جێبەجێ نەکراوەکان (31.8%) ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان (25.5%) ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.