Skip to the content

د.دیندار زێباری: حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانی دەستی داعش

رۆژی چوارشەممە ١٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، لە شنگال مەراسیمی دانانی مینۆمێنتی جینۆسایدی شەهیدانی ئێزیدی ئەنجامدرا، لەم مەراسیمەدا نوێنەری مسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری سەرۆکی حکومەتی فیدراڵی، ئەنجومەنی رۆحانی ئێزیدی، ژمارەیەک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵی، یۆنامی، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی و ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیانی دەستی داعش ئامادە بوون.

لە مەراسیمەکەدا د.دیندار زێباری، بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر دڕندەیی ئەو تاوانەی دەرهەق بە کوردانی ئیزیدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە ئەنجامداوە.

د.دیندار زێباری رایگەیاند: ''دوای هێرشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر چەند شوێنێکی هەرێمی کوردستان، کە ئێزیدییەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان تێیدا دەژین، تیرۆریستان گەورەترین پێشێلکاریی ماف و بنەماکانی مرۆڤیان ئەنجامدا لە کوشتن، تاڵان کردن، رفاندنی ئافرەت و منداڵ و سەدان هەزار کەسیش ئاوارە بوون. سەرەڕای هەموو ئەم کارەساتانە ئێزیدییەکان توانییان ناسنامەی نەتەوەیی و ئایینی خۆیان بپارێزن. ''

زێباری ئاماژەشی بەوەدا کە حکومەتی هەرێم بە هاوکاری لایەنە پەیوەندیدارە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان هەوڵیداوە ئێزیدی و هەموو پێکهاتە ئایینی و تائیفی و نەتەوەییەکان بە ئازادی و ڕێزەوە بژین و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان و ناوچەکانیان رزگار بکرێت و ئاوەدان بکرێتەوە و دانیشتووانی ئەم ناوچانە قەرەبوو بکرێنەوە کە ئەمەش بە پلەی یەکەم ئەرکی حکومەتی فیدراڵییە، لە هەمان کاتدا تیرۆریستان لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان دادگایی بکرێن و قوربانیان و کەسوکاریان قەرەبوو بکرێنەوە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دیندار زێباری رایگەیاند: ''لە ساڵانی رابردوودا هەرێمی کوردستان چەند هەنگاوێکی ناوە بۆ یارمەتیدانی ئێزدییەکان وەک دامەزراندنی لیژنەیەکی وەزاری بۆ بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، پەرلەمانی هەرێم تاوانەکانی بە جینۆساید ناساند، دۆکیومێنت و ئامادەکردنی دۆسیەی تاوانەکانی داعش تا ئێستا ٥ هەزار و ١٧٠ کەیس تۆمارکراون و زیاتر لە ٢ هەزار و ٣٢٤ کەیس تەواو بوون. دامەزراندنی لیژنەیەک بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەی لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێنراون تا ١٥ی ئایاری ٢٠٢٣ توانراوە ٣ هەزار و ٥٦٢ کەس ڕزگاربکرێن لەوانە هەزار و ٢١٥ ئافرەت و ٣٣٩ پیاو، هەزار و ٥١ کچ، ٩٥٦ کوڕ، و پێشکەش کردنی پاڵپشتی دەروونی بۆ هەزار و ٥٤٦ ڕزگارکراون و حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوەکان.

د. دیندار ئەوەشی دووپات کردەوە کە لە چوارچێوەی پڕۆژەی ئەرشیفکردن و بەڵگەنامەی تاوانەکان حکومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد فایل ٣ هەزار و ٩٥٠ فایلی ئەرشیف کردووە کە پێکدێت لە (٣٦٥،٠٢١) لاپەرە و داوایان لە یونیتاد کردووە کە لە پرۆژەی دامەزراندنی پسپۆڕانی نیشتمانی پشت بە خەڵکی شنگال و دەوروبەری ببەسترێت.

سەبارەت بە دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعشیش زێباری رایگەیاند: ''هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتی یونیتاد پرۆژەی یاسایەکی ئامادە کردبوو بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بۆ تاوانەکانی داعش، کە گشت پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی لە خۆ گرتبوو و تەواو، چەندین جار ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی یونیتاد لە راپۆرتەکانی بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ستایشی رۆڵی مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردبوو بۆ هەوڵەکانی و پاڵپشتی خۆیشی بۆ بابەتەکە دەربڕی بوو، بەڵام دادگای باڵای فیدراڵی پڕۆژە یاساییەکەی ڕەتکردەوە و تا ئێستاش ئەم بابەتە بە یەکلاکەرەوە و بێ چارەسەر ماوەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان و کەسوکاری قوربانیان داوای دادگایی کردنی تیرۆریستانی داعش و قەرەبوو کردنەوە دەکەن.''

نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم هەروەها وتی: ''دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە ڕێککەوتنی شنگال کە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بە سەرپەرشتی (UN) واژوو کراوەجێبەجێ بکرێت، چونکە باشترین چارەسەر بۆ ئارامی و ئاسایش و ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕانەوەی پەنابەران، لەم رووەوە پێویستە حکومەتی فیدراڵی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی یۆنامی هەموو هەوڵێکی خۆیان بخەنە گەڕ.''

لە کۆتایی وتەکەدا دیندار زێباری وتی: ئێزدییەکان بەشێکی ڕەسەنی گەلی کوردستانن و پێویستە هەموومان پێکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی بەشێک لە بارگرانییەکانیان کەم بکەینەوە، حکومەتی هەرێم خۆی بە خاوەنی ئێزیدییەکان زانیوە و لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ئازادکردنی ناوچەکانیان بە سەرکردایەتی سەرۆک بارزانى زیاتر لە (٥٠٠) پێشمەرگە شەهید بوون.