Skip to the content

کۆنفرانسێک لەبارەى بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان بەڕێوە چوو

بە سەرپەرشتیی نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ئامادەییی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژى ١٥ـى تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، کۆنفرانسێک لەبارەى بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان بەڕێوە چوو.

د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان وتاری کردنەوەی کۆنفرانسی پێشکەش کرد کە تێیدا سوپاسی هەموو لایەنەکانی کرد، بە تایبەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کە پشتگیریی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی کرد لە بەڕێوەچوونی کۆنفۆانسەکە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وتارەکەیدا پرسی مەترسیی ماددە هۆشبەرەکانی خستە ڕوو و بە "هەڕەشەیەکی هاوبەش" ناوی برد و ئاماژەی بە گرنگیی ڕێبازێکی یەکگرتوو کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی بڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندی خێرای ماددە هۆشبەرەکان. هەروەها ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە "ماددە هۆشبەرەکان دیاردەیەکی بێسنوورە و پەیوەست نییە بە ناوچەیەکی جوگرافیی دیاریکراو"، بۆیە داڕشتنی ستراتیژی بەرەنگاربوونەوەی پێکەوەیی بە چارەسەر دانا بۆ بەرپێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.

لە کۆتاییی وتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕووی خۆی کردە لایەنە نێودەوڵەتییەکان و چەند داوایەکی ئاراستە کردن، کە دیارترینیان بریتی بوون لە: دانانی هەرێمی کوردستان وەک ناوچەیەکی هەستیار لە ڕووی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، دانانی هەرێمی کوردستان لەسەر نەخشەی نێودەوڵەتی ڕووبەڕوبوونەوی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها بەشداریپێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان، لە کۆتاییشدا پێشخستنی توانای دادوەریی هەرێمی کوردستان لە کەیسەکانی ماددەی هۆشبەر.

دواتر سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتاری خۆی پێشکەش کرد و بە لایەنە نێودەوڵەتییەکانی ڕاگەیاند "هەڕەشەکانی تەشەنەسەندنی خێرای ماددە هۆشبەرەکان هیچی کەمتر نییە لە مەترسی تیرۆر." لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان و ئەوەی ڕاگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان سزای توندی بازرگانان و مافیاکانی سوودمەند لە بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە دەدات، لە هەمان کاتدا ئاماژەی بە پێویستیی جیاکردنەوەی تووشبووانی قوربانی و تاوانبارانی بازرگانی دا لە سزادان و مامەڵەکردنی کەیسەکانی ماددە هۆشبەرەکان.

پاشان هەریەک لە نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، د. زێدان خەلەف، عەبدولئەمیر ئەلشەمەرى، وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدڕاڵ، ئەحمەد محەمەد مبرقع، وەزیری وەرزش و لاوانی حکومەتی فیدراڵ وتاری خۆیان پێشکەش کرد و زۆر سوپاسی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیران و نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانیان کرد دەربارەی بەستنی ئەم کۆنفرانسە.

وەزیر و لایەنە عێراقییەکان نکۆڵییان لەوە نەکرد کە عێراق لە قەیرانێکی گەورە و لە ژێر مەترسییەکی بەرچاوی ماددە هۆشبەرەکاندایە، لەم سۆنگەیەوە ئەنجامدانی ئەم کۆنفرانسەیان وەک هەوڵێکی گرنگ لە قەڵەم دا و ئامادەییی خۆیان پێشان دا بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان.

هەروەها هەریەک لە کونسوڵی گشتیی وڵاتانی ئەمریکا، ئێران و تورکیا لە هەولێر سەرنجی خۆیان دەربارەی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان خستە ڕوو. مارک سرۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا، ستراتیژی وڵاتەکەی دەربارەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکە خستە ڕوو. کونسوڵی گشتیی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا یارمەتیدانی هاوبەشە هەرێمییەکانیان لە ڕووبەڕووبونەوەی بازرگانان و بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە ناوچەکە و دانانی ڕێبازێکی هەماهەنگ بۆ خستنەڕووی دەرمانی کەپتاگۆن وەک هەڕەشە، دوو سەرەکیترین ستراتیژی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە.

پاشانیش کونسوڵی گشتی ئێران لە هەولێر، نەسڕوڵڵا ڕەشنوودی، ئاماژەی بە مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان دا و باسی لەوەش کرد ئێرانیش هاوشانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە بێبەش نییە لەم دیاردەیە و لە ڕێگەی ئەفغانستان و چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکەوە ماددە هۆشبەرەکانی بۆ ڕەوانە دەکرێت.

دواتر مەمەد مەولود یاکوت، کونسوڵی گشتیي تورکیا ئاماژەی بەوەدا کە نەبوونی سەروەری لە ناوچە سنووریەکان و بوونی گرووپە لە یاسادەرچووەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی ڕێڕەوێکی کراوە بۆ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان، کونسوڵی گشتیی تورکیا باسی لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە و لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان.

دواتر کۆنفرانسەکە بە دوو پانێڵی سەرەکی و فراوان کۆتایی پێ هات کە تێیدا تاووتوێی ڕێگەچارەکان کران بۆ ڕووبەڕووبونەوەی مەترسیی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان.
بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی لە دیارترین ئەو چارەسەرانە بوون کە لە کۆنفرانسەکەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان خرایە ڕوو.