Skip to the content

بەیاننامەی نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی شەهیدکردنی خۆپێشاندەران لە کەرکووک

شەهیدکردنى خۆپێشاندەران و دەستگیرکردنیان لە دووی ئەیلوول لە شاری کەرکووک، پێچەوانەى بنەماکانى مافى مرۆڤە و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، ئەمە
سەرەڕای بڕیاری حکومەتی فیدڕاڵی بۆ ڕادەستکردنەوەی بارەگا و نشینگە سیاسییەکان بۆ پارتە کوردستانییەکان بە مەبەستی دەستپێکردنەوە بە چالاکی و جووڵەی سیاسی لە شاری کەرکووک، هێشتا چەند لایەنێکی توندڕەو ڕێگرن لە گەڕاندنەوەی پيکهاتەی دیکە وەک بکەری سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ ناو شارەکە.

بڕگەکانی یەکەم لە مادەکانی ٣٩ و ٤٤ـی دەستووری عێراقی، داکۆکی دەکەن لە مافی پارتە سیاسییەکان و  پەیوەندیکردن پێیانەوە، هەروەها دەستوور مافی هەر تاکێکی بۆ ئازادی هاتووچۆ چەسپاندووە.

لە دوای ڕوداوەکانی ١٦ـی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧ دەزگا ئەمنییە لۆکاڵییەکان نەیتوانیوە کەشێکی لەبار بڕەخسێنن بۆ گەڕانەوەی پارتە سیاسییە کوردییەکان و دەستپێکردنەوەی چالاکییە ڕامیارییەکانیان لە ناو شاری کەرکووک. لەکاتێکدا بە پێی دەستوور مافی ڕەوای هەر لایەنێکە بە ئازادانە کار و چالاکییەکانی خۆی بەرەوپێش بەرێت.

بەم دوایانە حکومەتی فیدڕاڵ بڕیاریدا بە ڕادەستکردنەوەی بارەگاکان بە حیزبە کوردییەکان کە ئەم هەنگاوە بەشيکە لە پاراستنی بنەمای پيکەوەژیان لە کەرکووک.

بارودۆخەکە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەشەنەی سەندووە بەوپێیەی دوای ئەنجامدانی خۆپشاندان بۆ کردنەوەی ڕێگەی نێوان هەولێر - کەرکووک دەستکراوە بە ڕەشبگیرییەکی هەڕەمەکی و ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان دەستگیرکراون بەشێوەیەک تاکوو ئێستا سۆراغیان نییە، ئاماری دەستگیرکراوان لە هەڵکشاندایە و تا ئێستا ٤٠ هاووڵاتی دەستگیرکراون. هەروەها ١٤ بریندار گەیەندراوەنەتە نەخۆشخانە جگە لەوەی چەند هاووڵاتییەکی دیکە بەرد باران کراون و بریندارن.

ئەم ڕووداوە چەندین شەهید و بریندارى لێکەوتەوە و بە دەیان کەس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانیشەوە دەستگیر کراون. لە ئێستادا ڕێگاکان کراونەتەوە بەڵام چەند لایەنێک بە هەمەر و کەلوپەلی سەربازیەوە هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵە کوردەکان و بەدوای ناسنامەی ئەو کوردانەدا گەڕاون کە بەشداربوون لە خۆپێشاندانەکە، ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و هەموو بنەمایەکی پێکەوەژیانە.

لە کۆتایدا داوا لە سەرجەم لایەنە نێودوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە چاودێری ڕەوشی شاری کەرکووک بکەن و پێشێلکاریەکانی ئەم ڕووداوانەى شارەکە کە لایەنە ئەمنییەکان ئەنجامیانداوە، لە چوارچێوەی ڕێسا نێودەوڵەتییەکان بەرز بکرێتەوە بە مەبەستی بەرز ڕاگرتنی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان پێکهاتەکان بەپێی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوەیەکگرتووەکان، کە وڵاتی عێراق ئەندامە تێیدا و ئەو پلانە نیشتمانییەی کە حکومەتی فیدراڵ پێی پابەندە لە پاراستنی ئازادییەکان.
 
 
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان