Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: دەبێت قەرەبوونی ئەوانە بکرێتەوە کە ڕووبەڕووی هێرشی داعش بوونەوە

لە کۆنفرانسێکدا لەبارەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی کۆمەڵگەی مەسیحیەکان لە عێراق کە لە هەولێر بەڕێوە چوو، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێم وتارێکی پێشکەش کرد لەبارەی بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ قوربانیانی کۆمەڵگەی مەسیحییەکان و دادگاییکردنی تیرۆرستانی داعش.

ڕۆژی ٣١ی ئابی ٢٠٢٣، کۆنفرانسێک بەڕێوە چوو تایبەت بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی کۆمەڵگەی مەسیحییەکان، کۆنفرانسەکە بە ئامادەبوونی هەریەک لە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و کریستیان ڕیتشەر، ڕاوێژکاری تایبەت سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێكۆڵينه‌وه‌ لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، ڕۆدۆلف ڕیچارد، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا بە وەکالەت، مارک سترۆ، کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر و ستیڤن ڕاپ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی دادپەروەریی نێودەوڵەتی و لێپرسینەوە بەڕێوە چوو. 

لە دەستپێکی قسەکانیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە پێویستی زانی خۆڕاگری کۆمەڵگەی کریستیانەکان دژی تاوانەکانی داعش بەرز بنرخێندرێت و ڕایگەیاند "بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بۆ کۆمەڵگەی مەسیحییەکان، دەبێت بکەرانی تراژیدیای تاوانە دڕندانەکانی شەڕی داعش ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، دوابەدوای ساڵی ٢٠٠٣، مەسیحییەکان لە دەشتی نەینەوا و ناوچەکانی دیکەی عێراق کراونەتە ئامانج." 

"لە ساڵانی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٦ و ٢٠٠٩دا تووشی قۆناغی جۆراوجۆری ئاوارەیی بوونە و لە شوێنی نیشتەجێبوونیان وەدەرنران، بە هۆی کردەوە تیرۆرستییەکانەوە و چەندین جار کڵێسا و شوێنی نیشتەجێبوونیان کراوەتە ئامانج، بەم هۆیەوە کۆمەڵگەی مەسیحییەکان دووچاری کۆچکردن بوونەتەوە بۆ ناوچەیەک کە تێیدا ئاسایشیان پارێزراو بێت و دوور بن لە مەترسیی تیرۆرستان." 

دیاردەی کۆچکردنی مەسیحیەکانی ناو عێراق لەگەڵ سەرهەڵدانی گرووپی تیرۆرستیی داعش لە ساڵی ٢٠١٤ گەیشتە لوتکە و ژمارەیەکی بێشومار لە مەسیحییەکانی نیشتەجێی پارێزگاکانی دەوروبەری هەرێمی کوردستان ڕوویان کردە هەرێم بۆ پاراستنی گیانیان.

پاشان ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان باسی لە مەینەتی و ئازارەکانی مەسیحییەکان کرد و ئەو وێنەیەی خستە ڕوو کە لە هاوینی ٢٠١٤دا، پێکهاتە ئێزدی و مەسیحییەکانی نەینەوا و شەنگال لەگەڵ کۆمەڵێک کەمەپێکهاتەی دیکە کە نوێنەرایەتیی گرووپی جۆراوجۆر دەکەن لە عێراق، کەوتنە گەمارۆوە کاتێک دەوڵەتی ئیسلامی تەوقی ئەو ناوچانەی دابوو. لە ژێر هەڕەشەی کوشتن و بەکۆیلەبوون و گۆڕینی ئاین بە زۆرەملێ سەدان هەزار کەس ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت. 

بە پێی مەزەندەی نەتەوە یەکگرتووەکان، تەنیا لە ساڵێ ٢٠١٤ نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس لە پارێزگای نەینەوا ڕووبەڕووی دیفاکتۆی کۆچکردن بوونەتەوە یانیش باجیان لێ وەرگیراوە. بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی ٥٠ هەزار لەو مەسیحیانە دانیشتووی موسڵ بوون، کە داعش دەستی بەسەر شوێنی نیشتەجێبوونیاندا گرت. زۆرێکیان خەڵکی قەرەقۆش بوون، ئەم شارۆچکەیە پێش تاوانەکانی داعش یەک لەسەر چواری کۆمەڵگەی مەسیحییەکانی عێراقی لەخۆ گرتبوو. هەروەها ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند کە لەمڕۆدا زۆربەی مەسیحییەکانی عێراق پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان باسی لە یارمەتیەکانی حکومەتی هەرێم کرد و ئەوەشی خستە ڕوو کە تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار خێزانی سەر بە پارێزگای نەینەوا پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان بردووە و ناسەقامگیری و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست ڕێگرە لەوەی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان. هەروەها بە مەبەستی پاراستنی گیانی پەنابەران و ئاوارەکان، بەڕێوبەرایەتیی کەمپەکانی سەر بە حکومەتی هەرێم ڕێکارەکانی چوونەژوورەوەیان بۆ ناو کەمپەکان چڕتر کردووەتەوە، تەنیا پەنابەران و فەرمانبەرانی حکومەت و ڕێکخراوە مرۆییەکان مافی ئەوەیان هەیە بچنە ناو کەمپەکانەوە ئەمەش بە مەبەستی فەراهەمکردنی خزمەتگوزاریی وەک بەردەستخستنی ئاوی پاک و خزمەتگوزاریی هەمەچەشنە بۆ پەنابەران.

دواتر ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتیەکان ئاماژەی بەوە کرد کە "هەرێمی کوردستان قوربانیی گەورەی داوە و نزیکەی 1810 شەهید و زیاتر لە 10369 برینداری پێشمەرگە هەن کە ئاماژەیە بۆ بەرگریی کوردستانیانەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان."

"دەبێت لێکۆڵینەوەکان لە بەڵگەدارکردنی تاوانباران بۆ دادگایکردنیان درێژە بکێشێت و مافی ئەو چین و توێژانە بدرێتەوە کە ڕووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی بوونەوتەوە یانیش بوونەتە قوربانی. پاشان باسی لەوە کرد کارەکانی یونیتاد هاوتەریبە لەگەڵ خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئامانجەکانی یاسای (٢٣٧٩)ی ئەنجوومەنی ئاسایش."

لە کۆتاییدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دووپاتی لە بەرقەرارکردنی دادپەروەری و دادگایکردنی تاوانباران کردەوە، بۆ ئەوەی کەمێک لە ئازارەکانی کۆمەڵگەی مەسیحییەکان بڕەوێتەوە و قەرەبوو بکرێنەوە، و داوای لە هەموو لایانەکەن کرد بە گڕوتینێکی زیاتر تواناکانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە.