بەیاننامەی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە ڕۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبووان
ڕۆژی ٣٠ی ئابی هەموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبووان داندراوە بۆ سۆراخ و گەڕان بە دوای ئەو کەسانەی لە ئەنجامی شەڕ و ململانێکان چارەنووسیان نادیارە، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم، بەیاننامەیەکی دەرکرد، ئەمەش دەقەکەیەتی:
هەرێمی کوردستان زۆرترین قوربانیی بێسەروشوێنبوون لەخۆ دەگرێت، لە تاوانەکانی ئەنفالکردنی گەلی کوردستان کە زیاتر لە(١٨٢) هەزار کەس لە گەرمیان و بادینان و (٨٠٠٠) هەزار بارزانی و چەندین ناوچەی دیکە، تا دەگاتە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، بەتایبەتی دژی کوردانی ئێزیدی و بێسەروشوێنکردنی هەزاران کەس کە تا ئێستا چارەنووسی ژمارەیەکیان نادیارە.
بۆ بەیاساییکردنی کەیسی کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لە هەرێمی کوردستان، چەندین یاسا و ڕێنمایی دەرچوون، لەوانە: یاسای ونبووەکان لە هەڵمەتەکانی لەناوبردنی بە کۆمەڵی گەلی کوردستان ژمارە ٣ی ساڵی١٩٩٩، یاسای وەزارەتی شەهیدان و کاروباری ئەنفالکراوان ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠٠٦، یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠٠٧ و یاسای سندوقی پاڵپشتی و هاوکاریی کەسوکاری شەهیدانی ئەنفال و قوربانییانی نەخۆشییەکانی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ژمارە ٣٧ی ساڵی ٢٠٠٧، یاسای ئیمتیازاتی تاقانەی جینۆساید لە هەرێمی کوردستان ژمارە ٩ی ساڵی ٢٠١٥.
بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەماهەنگیدایە، لیژنەی نیشتمانی عێراقی بۆ بێسەروشوێنبووان و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکانی تایبەت بە بێسەروشوێنبوون لە جنێڤ بۆ بەدواداچوونی کەیسی ئەو کەسانەی لە سەردەمی ڕژێمی سەدام و ئەوانەی لە دوای ساڵی ٢٠١٤ـەوە چارەنووسیان نادیارە و بێسەروشوێن بوون.
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بە خزمەتکرنی کەسوکاری قوربانییان داوە، وەک خەرجکردنی زیاتر لە ١٩ ملیار و ٥٠٠ هەزار دینار کرێی خوێندنی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانییانی سیاسی و هەوڵدان بۆ دابینکردنی کورسیی خوێندن بۆیان، دەرکردنی فەرمانی پێدانی (١١٫١٤١) پارچە زەوی، بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان. تاپۆکردنی (٢٠٠) شوقە و (٣٧٥) خانووی سەروەران و (٥٥٠٠) پارچەزەوی، بۆ کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان، کە لە ساڵی ٢٠١١ پێیان درابوو. بەکارخستنی یاسای ژمارە (٩)ى ساڵی ٢٠١٥، تایبەت بە تاقانەی جینۆساید و ناساندنی (٣٦١) کەس وەک تاقانەی جینۆساید.
پرسی بهجینۆسایدناساندنی كهیسهكانی گهلی كوردستان كاریان لهسهر كراوه، زۆربهی دۆسییهكان له دادگە یهكلایی كراونهتهوه، لهوانە دۆسییهكانی ئهنفال و كیمیاباران و فهیلییهكان، دادگەی باڵای بە جینۆسایدی ناساندووە، بەڵام تا ئێستا کەسوکاری قوربانییان قەرەبوو نەکراونەتەوە. بەم بۆنەوە داواكارين لە حكومهتى فیدڕاڵی بۆ هێنانەدیى دادوهرى، ئهركى خۆى جێبهجێ بكات و کەسوکاری قوربانييان له ههموو ڕوويهكهوه قهرهبوو بكاتهوه.
نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣٠ی ئابی ٢٠٢٤