Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە

سەبارەت بە تێبینییەکانمان لەسەر بابەتی ئازادییەکان لە هەرێمی کوردستان:

لە ڕۆژی دووەمی گفتوگۆکانی لیژنەی نەهێشتنی جیاکاریی ڕەگەزپەرستی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە جنێڤ تێبینییان لەسەر ناساندنی ئایینی زەردەشتی و دانپێدانان پێیان هەبوو، ئێمە ڕوونکردنەوەمان لەسەر ئەو بنەمایە بووە کە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان ژمارە (٥)ی ساڵی ٢٠١٥ لە هەرێمی کوردستان دان بە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەنێت کە لە هەرێمی کوردستانن، لەوانە زەردەشتییەکان.

سەبارەت بە خوشک و برا ئێزیدییەکان لە گوتاری حکومەتی هەرێمیش کە لە ڕۆژی یەکەمی گفتوگۆکانی نەهێشتنی جیاکاریی ڕەگەزی لە جنێڤ پێشکەش کرا، بە تێروتەسەلی باس لە پێکهاتەی ئێزیدی کراوە، وەک ئایین و ئەو ئێشوئازارانەی کە چەشتوویانە لە دەست داعش و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ حەواندنەوە و یارمەتیدانیان و ڕزگارکردنی ڕفێندراوان و چارەسەرکردنیان لە دەرەوە.

هەروەها باس لە خوێندنی ئێزیدیاتی کرا و پاڵپشتیکردن و دیکیۆمێنتکردنی کەیسەکانیان و بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانەی بەرانبەریان ئەنجام دراون.

دووپاتی ئەوە دەکەینەوە کە ڕوونکردنەوەمان لە بابەتی پێکهاتەکان لە ڕۆژی دووەم، لە بارەی پرسیارێکی تایبەت بوو بە زەردەشتییەکان کە لە هەرێم دانیان پێ دانراوە.

خوشک و برا ئێزیدییەکان وەکۆو نەتەوە، کوردی ڕەسەنن و لە ڕووی ئایینییەوە لە یاسای ژمارە ٥ ی ساڵی ٢٠١٥ ئیعتیرافیان پێکراوە.

هەروەها لە ڕووی کارگێڕییەوە بەڕێوەبەرایەتییەک لە حکومەتی هەرێم سەرپەرشتیی خوێندنی ئێزیدی دەکات و ماددەی ئێزدیاتی لەو ناوچانەی زۆرینەیان دانیشتووانی لە ئایینی ئێزدین دەخوێندرێت.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی هەیە، بۆ سەرپەرشتیکردنی کارەکانیان.

١٥-٨-٢٠٢٤