Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: به‌شێكى ديكه‌ى زانیاری و لێکۆڵینەوەی تایبەت بە ڕێکارە یاساییەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش ڕادەستی حکومەتی هەرێم کرا

ڕۆژى یەکشەممە 25ی ئابی 2024، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمى كوردستان، پێشوازی لە ئانا پێرۆلۆپیس، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە وەکالەت و تیمێکی یاوەری كرد.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2697ی ئەنجومەنی ئاسایش و کۆتاییهێنانی ئەرکی یونیتاد لە عێراق و ڕادەستکردنی بەڵگەی تاوانەکانی داعش بە لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێم.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کۆبوونەوەکەوه‌ گوتی: لەمیانەی هەماهەنگيمان لەگەڵ یونیتاد، بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2697ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕادەستکردنەوەی ئەو بەڵگەنامە و زانیاریيانەی کە لەلایەن تیمی یونیتادەوە هاوبەشی پێ کراوە، ئەمڕۆ بەشی دووەمی بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوەکان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێم کران، کە بریتییە لە (11.9) گیگابایت زانیاری و لێکۆڵینەوە تایبەت بە ڕێکارە یاساییەکان، بۆ دادگاییکردنی تاوانباران بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی (تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید) کە به‌رانبه‌ر بە کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی ديكه‌ ئەنجامیان داوە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سوپاسی شاندی ناوبراوی کرد بۆ پاڵپشتيى تەکنیکی بە لایەنە پەیوندیدارەکانی هەرێم، کە ئامێری پێشکەتووی بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکانى لە پرۆسەکەدا بەکارهێناوە، کە لە داهاتوودا حکومەتی هەرێم سوودیان لێ دەبینێت بۆ بەردەواميی پرۆسەکە.

سەبارەت بە ڕادەستکردنەوەی بەڵگەکان، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) گوتی: ڕۆژى پێنجشەممە 11ی تەمموزی 2024، لە قۆناغی یەکەمدا یونیتاد (45.95) گیگابایت بەڵگەنامە و زانیاريی کۆدکراو و پارێزراوی لە ڕێگه‌ی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە، ڕادەستی حکومەتی هەرێم کرد و بریتی بوون لەو زانیاریيانەی کە یونیتاد لە دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگه‌ پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەریگرتبوون.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ڕاگەیاند: حکومەتی هەرێمى كوردستان له‌گه‌ڵ يونيتاد تا کۆتايیهاتنی ئەرکەکەی به‌رده‌وام ده‌بێت. هەر لەم چوارچێوەيه‌دا یونیتاد پاڵپشت بووە سەبارەت بە هەماهەنگى لەگەڵ وڵاتانى سێیەم و داواکردنى هاریکارى لە دواى کۆتاييهاتنى ئەرکى پێسپێردراوى تیمى یونیتاد لە عێراق و هەرێمى کوردستان بە بەشداريی لایەنە دادوەری و ئەمنییەکانی هەرێم، هەروەها خولی تری مەشق بۆ ژمارەیەک ئەفسەری ئەمنيی تایبەت بە پرۆگرامی پاراستنی شایەدحاڵەکان ئەنجام دراوە.