Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەوڵەکانی بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزیدییەکان و دادگاییکردنی تاوانباران

ئەمڕۆ شەممە ٣ی ئابی ٢٠٢٤، دە ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر کۆمەڵکوژیی کوردانی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، دوای دە ساڵ لەم کارەساتە تا ئێستا شنگال و دەوروبەری ئاوەدان نەکراونەتەوە و دانیشتووانەکەی ناتوانن بگەڕێنەوە، بە هۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و نەبوونی خزمەتگوزارییە پێویستەکان و بوونی هێزی نایاسایی.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر گوتی: حکومەتی هەرێم هاوکاریی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)ی کردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و داتا و دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەکان، بە مەبەستی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنی تیرۆریستان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و کەسوکاریان.

زێباری زیاتر گوتی: تا ئێستا چەندین وڵات و دامودەزگە و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی، تاوانەکانی داعشیان دژی کوردانی ئێزیدی بە جینۆساید ناساندووە کە ئەمانەن: ئەنجومەنی ئاسایش، لیژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سووریا، ڕابیتەی زانایانی نێودەوڵەتیی جینۆساید، ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆمسیۆنی باڵای سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا، پەرلەمانی وڵاتەکانی بەریتانیا، فەڕەنسا، کەنەدا، سکوتلەندا، ئەرمینیا، ئوستورالیا، پورتوگال، ھۆڵەندا، بەلجیکیا، لۆکسمبۆرگ و ئەڵمانیا.
ئەم دانپێدانانە هەنگاوی گرنگن، شانبەشانی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم، بۆ دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند، کە ئەمەش پێویستی بە پشتیوانی و پشتگیریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان هەیە.

سەبارەت بە هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەرانیش گوتی: تا ئێستا زیاتر لە (١٫٠٢٢٫٢٩٣) ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستانن کە (٧٤٦٫١٧٤) ئاوارەی ناوخۆن، لەو ژمارەیەش زیاتر لە (١٣٥٫٠٠٠) یان لە کەمپەکاندا دەژین کە بەشی زۆریان ئێزیدین.

پرۆژەی بەدیجیتاڵکردنی بەڵگەکان یەکێکە لە کارە گرنگەکانی حکومەتی هەرێم لەم بارەوە گوتی: پرۆژەى بەدیجیتاڵکردن و دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەکان بریتییە لە گۆڕینى ئەو بەڵگانەى پەیوەستن بە تاوانەکانى داعش، کە لە دامودەزگە پەیوەندیدارەکانى هەرێم پارێزراون بۆ فۆرماتى دیجیتاڵى و توانراوە (٢٤٫٩٦٥) فایل و (٤٠٨٫٥٤٠) لاپەڕە لە بەڵگەنامەکان دۆکیۆمێنت بکرێن. لە لایەکی دیکەوە تا ئێستا (۳٥۷٦) کەس لە ڕفێندراوان ڕزگار کراون.

ئاماژەی بەوەش کرد کە؛ لە میانەی هەماهەنگییان لەگەڵ یونیتاد و بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە(٢٦٩٧)ی ئەنجومەنی ئاسایش، لە ماوەی ڕابردوو بڕی (٤٥٫٩٥) گیگابایت زانیاری دۆکیۆمێنت و لێکۆڵینەوە لەلایەن یونیتادەوە ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە و لە داهاتووشدا ئەو پرۆسەیە بەردەوام دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە لە داهاتوودا دادگەکانی هەرێم دەتوانن سوودیان لێ ببینن لە دادگاییکردنی تاوانباران.