Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە گفتوگۆکانی ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی ڕەگەزپەرستی لە جنێڤ به‌شدار ده‌بين

بڕیار وایە ڕۆژانی (١٤-١٥)ی ئابی ٢٠٢٤، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، گفتوگۆی هەردوو ڕاپۆرتی خولی (٢٦ و٢٧)ی کۆماری عێراق، تایبەت بە ڕێککەوتننامەی نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی ڕەگەزپەرستی ئەنجام بدرێت، لەم گفتوگۆیانەدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی حکومەتی فیدراڵ، بە سەرپەرشتيى د. خالید شوانی، وەزیری دادی حکومەتی فيدڕال و سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی فيدڕالى بەشداری دەکات.

لەم بارەوە د. دیندار زێباری، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد، بەشداریکردنی شاندی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوه‌ی هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی نووسینەوەی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بەو ڕێککەوتننامە و پەیماننامانەی پەیوەستن بە مافی مرۆڤ، لە حکومەتی فیدراڵ، بە مەبەستی خستنەڕووی پابەندبوونەکانی هەرێمی کوردستانە بەو ڕێککەوتننامانە. ئەوەشی خستە ڕوو کە شاندی حکومەتی هەرێم تێبینییەکانی خۆی پێشکەش دەکات لە چوارچێوەی شاندی حکومەتی فیدراڵ، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوە کرداریيانەی کە لە هەرێمی کوردستان کاریان پێ دەکرێت، تایبەت بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش بابەتی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاريی ڕەگەزپەرستی.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ڕاگەیاند بەشداریکردنی حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەدا دەروازەیەکە بۆ ئەوەی بتوانێت پابەندبوونی خۆی بە پرەنسیپ و ڕاسپاردەکان بگەیەنێتە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لە بارەگا سەرەکییەکانی (UN) لە جنێڤ.

هەروەها لەم کۆبوونەوانەدا تیشک دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم، بۆ جێبەجێکردنی پلانی حكومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥)، کە بەشێکی تایبەتە بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەره‌نگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی جیاکاريی ڕەگەزپەرستی.

شایەنی باسە کارەکانی (١١٣)هەمین خولی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی جیاکاريی ڕەگەزپەرستی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژانی ٥ تا ٢٣ی ئاب لە جنێڤ دەبەسترێت.