ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: بڕیارەکەی پەرلەمانی سویسرا بۆ بهجينۆسايدناساندنی تاوانەکانی داعش دژی ئێزیدییەکان بەرز دەنرخێنین
پەرلەمانی سویسرا بە کۆی دەنگ تاوانەکانی داعشی دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی بە جینۆساید ناساند. لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێشوازی لە دانپێدانانی مێژوویيی پەرلەمانی سویسرا بە جینۆسایدی ئێزیدییەکان دەکەین کە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراوە. ئەم بڕیارە هەنگاوێکی دیکەی گرنگە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و لێپرسینەوە لە بەرانبەر ئەو تاوانە قێزەونانەی کە لە دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی ئەنجام دراون و قەرەبووکردنەوەی قوربانیيانی تیرۆر و زیانلێکەوتووان.
هەروەها گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ساڵانەی دواییدا هەوڵیداوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نیشتمانی و نێودەوڵەتی بۆ ناساندنی ئەو تاوانانەی کە تیرۆریستانی داعش ئەنجامیان داوە وەک تاوانی جینۆساید، لە دوای پێکهێنانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیتاد) لە بەدواداچوون و بەڵگەنامەکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی کوردستان پاڵپشتيی ئەرکەکانی تیمەکەی کرد بۆ بەدواداچوونی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و دۆکیومێنتکردنیان. بە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد توانراوە زیاتر لە (42 هەزار) فایل دۆکیۆمێنت بکرێت، کە یەکسانە بە (408,540) لاپەڕە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش بە سیستەمی دیجیتاڵی.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە بەردەواميی ئەم هەماهەنگییە کرد، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی یونیتاد گوتی: بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2697ى ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو بەڵگەنامە و زانیارییانەی کە تیمی یونیتاد هاوبەشی کردووە و بە دوو بەش گەیەندراونەتە هەرێمی کوردستان، لە بەشی یەکەمدا (45.95) گیگابایت و دواتریش (11.9) گیگابایت لە ڕێگهی نووسینگەکەمانەوە ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە، ئەو زانیاری و ماددانەی تێدان کە لەلایەن یونیتادەوە بە دیجیتاڵی کراون و یونیتاد بەدەستی هێناون لێپێچینەوەکانیان لەگەڵ تاوانبارانی داعش و هەروەها لە ڕێگهی دەسەڵاتی دادوەری و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بێگومان بە بەشداريی لێکۆڵەران و شارەزایانی یاسایی و پسپۆڕانی پزیشکيی دادوەری و شرۆڤەکاران.
شایانی باسە، ڕۆژی سێشەممە 17ى كانوونى يهكهمى 2024، پەرلەمانی سویسرا بە کۆی دەنگ ئەو تاوانانەی داعش كه لە دژی کوردانی ئێزیدی ئهنجامى دابوون، بە جینۆساید ناساند. بەمەش 17وڵات لە ڕێگهی پەرلەمانەکانیانەوە دانیان بە جینۆسایدی ئێزیدییەکاندا ناوە.